بەڵگەنامەی دامەزراندنی حەوت هەزار کەس لە کەرکووک دەگۆڕدرێت و بەڕێوەبەر چوار ساڵ دەمێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا بەڵگەنامەی دامەزراندنی حەوت هەزار پشکی شارەکە لە کارتی نیشتەجێبوونەوە بگۆڕێت بۆ دوو بەڵگەنامەی دیکە. هەروەها هەموو بەڕێوەبەرەکان لە دوای چوار ساڵ لە مانەوەیان لە پۆستەکانیان بگۆڕدرێن.
 
ئەم بڕیارانە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بووە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026 کراوە.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پێشتر بڕیار بوو بۆ ئەو حەوت هەزار کەسەی لە کەرکووک بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن پشت بە کارتی نیشتەجێبوون ببەسترێت، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاریدا مەرجی بەڵگەنامەکان بگۆڕێت بۆ هەردوو کارتی نیشتەجێبوون و کۆبۆنی خۆراک.
 
لە کۆی ئەو 150 هەزار کەسەی بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق دادەمەزرێندرێن، 7304 کەسیان بۆ پارێزگای کەرکووکە کە تاوەکو ئێستا دیارینەکراون.
 
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، بەگوێرەی مەرجە نوێیەکە کورد و عەرەبیش لێی سوودمەند دەبن، بەتایبەت هاووڵاتییانی کورد هەن کە راگوێزراون و تاوەکو ئێستا کارتی نیشتمانییان نەگواستووەتەوە بۆ کەرکووک.
 
ئەجێندایەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی پۆستی بەڕێوەبەرانی شارەکە بووە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بڕیاردراوە هیچ بەڕێوەبەرێک لە کەرکووک لە دوای چوار ساڵ زیاتر لە پۆستەکەی نەمێنێتەوە و لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە بگۆڕدرێت.