چوار بوومەلەرزە پارێزگای کرماشانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند

 
رووداو دیجیتاڵ

چوار بوومەلەرزە پارێزگای کرماشانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند کە بەهێزترینیان بە گوڕی 5 پلەی ریختەر بوو. تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور کەوتنە دۆخی ئامادەییەوە و بەرپرسانی پارێزگاکەش دەڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەی یەکەم لە کاژێر 00:23 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی گیەڵان لە قۆڵایی 9 کیلۆمەتر روویداوە و گوڕەکەی 5 پلەی ریختەر بووە. ناوەندەکە دەڵێت، چەقی بوومەلەرزەکە لە 23 کیلۆمەتری گیەڵان و 34 کیلۆمەتری ناوچەی سەرپێل زەهاو بووە.
 
بە گوێرەی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەی دووەم لە کاژێر 00:39 خولەکی بەرەبەیان لە سنووری گیەڵان روویداوە و هێزەکەی 3 پلەی ریختەر بووە؛ هەروەها لە کاژێر 02:40 خولەکی بەرەبەیانیش بوومەلەرزەی سێیەم بە گوڕی 3.2 پلەی ریختەر لە ناوچەکە تۆمارکراوە.
 
بوومەلەرزەی چوارەمیش لە کاژێر 05:54 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە گوڕی 3.4 پلەی ریختەر لە نزیک ناوچەی قەسری شیرین تۆمارکراوە.
 
بوومەلەرزەکان جگە لە گیەڵان، لە شارەکانی کرماشان، قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و سەلاسی باوەجانیش هەستیان پێکراوە.
 
حیشمەت رەزایی، قایمقامی ناوچەی گیەڵان رایگەیاند، لیژنەی کۆنترۆڵی قەیرانی ناوچەکە چالاک کراوە و تیمەکانی فریاکەوتن لە ئامادەییدان؛ هەروەها چەندین تیمی پشکنینیان بۆ شوێنی بوومەلەرزەکان ناردووە، بۆ ئەوەی ئەگەر زیانێک هەبێت، قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن.
 
عەلیڕەزا حەیدەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بە فەرمانی پارێزگار، قایمقامەکانی گیەڵان و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای ئەو پارێزگایە بەشێوەیەکی مەیدانی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دەکەن و بەدواداچوون بۆ  ئەگەری زیانەکان و ناردنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە لە کاتی پێویستدا دەکەن.
 
ئەفشین یەگانە، بەڕێوەبەری مانگی سووری کرماشان دەڵێ، بەپێی راپۆرتی تیمەکانیان، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی و مادی تۆمارنەکراوە.