لە بانە یادی 39یەمین ساڵیادی بۆردوومانی شارەکە کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 10ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 05-06-1984 پێنج فڕۆکەی جەنگی، شاری بانەیان بۆمباران کرد. 39 ساڵ دوای روودانی، هێشتا خەڵک هەر باسی بۆردوومانی شارەکەیان دەکەن.
لە هەشت ساڵ شەڕی ئێران و عێراقدا، شاری بانە 77 جار بۆردوومان کراوە. قوورسترینیان رۆژی 15ی جۆزەردان بوو، کە لەو رۆژەدا پارکی شار و شەش شوێنی نیشتەجێبوون بۆردوومان کران و بەهۆیەوە 602 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 400 کەس بریندار بوون.
کەسوکاری قوربانیان و چالاکڤانانی بانە دەڵێن، 39 ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە و جگە لە خۆیان کەس باسی رووداوەکە ناکات.
ئەوەی لەبارەی رووداوی بۆردوومانی شاری بانەوە دەزاندرێت، تەنیا گێڕانەوە زارەکییەکانە؛ لە هەندێک کتێبیشدا لە زاری شایەتحاڵانەوە باسێکی لەسەر کراوە.
لەمیانەی شەڕی ئێران و عێراقدا، چەندینجار شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرانە ئامانجی بۆردوومان و کیمیایی فڕۆکەکانی رژێمی بەعسی عێراق و بەهۆیەوە سەتان کەس بوونە قوربانی؛ قوربانیی شەڕێک کە لە هەڵگیرساندنیدا هیچ رۆڵێکیان نەبوو.