فێرگەیەک لە مهاباد منداڵان فێری مۆسیقا و ژەنینی ئامێرەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فێرگەی مۆسیقایی نۆت لە شاری مهاباد خولێکی فێرکاریی مۆسیقا بۆ منداڵان بەڕێوەدەبات؛ سەرەتا مۆسیقا بە منداڵان دەناسێندرێت و دواتر فێری شێوازی کارکردن بە ئامێرە جیاوازەکان دەکرێن.
بەڕێوەبەرانی ئەو فێرگەیە دەڵێن، مۆسیقا جگە لە بوارە هونەرییەکەی، کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتیی لەسەر منداڵان دەبێت.
مامۆستایانی فێرگەی نۆت هەموویان گەنج و خوێندکار یان دەرچووی بەشی مۆسیقان و فێرخوازەکانیان بە شێوەی زانستی فێری ژەنینی ئامێرە جیاوازەکان دەکەن.
راهێنەرانی ئەو ناوەندە دەڵێن، فێربوونی مۆسیقا وەکو زمانی دایکە، لەپێشدا دەبێت کەشی گونجاوی فێربوونی بۆ بڕەخسێندرێت.
فێرگەی مۆسیقای نۆت سێ ساڵە دەستی بە کردنەوەی خولی مۆسیقای منداڵان کردووە. ساڵانە زیاتر لە 50 منداڵی سێ بۆ 12 ساڵان لەو فێرگەیە فێری بنەماکانی مۆسیقا و ژەنینی ئامێرە جیاوازەکان دەکرێن.