گرووپێک لە هەولێر هەوڵدەدەن 'ژن و کچ بۆ تووشکردنی خەڵک بە مادەی هۆشبەر' بەکاربهێنن و دەستگیر دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، سێ گرووپی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان لە هەولێر دەستگیر کردووە و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە ھۆشبەرەکان، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، لە رۆژانی 4 و 5ی ئەم مانگە، سێ گرووپی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کردووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو سێ گرووپە "پێکهاتوون لە 10 کەس" و یەکێک لەو گرووپانە "هەوڵیانداوە ئافرەت و کچی نەوجەوان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوە و تووشکردنی کەسانی دیکە بەم مادە مەترسیدارە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەواوی دەستگیر کراوان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.