راپرسییەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان: زۆرترین کورسیی خۆڵەمێشی لە بازنەی سلێمانی هەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی دوایین راپرسیی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی دەرکەوتنی هێزی نوێوە پێشبینیی بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریی دەنگدەران دەکرێت بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو کە رێژەی بەشداریی هەڵبژاردن کەمتربوو لە 60٪، هاوکات لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین رێژەی دەنگی شاراوە و کورسی خۆڵەمێشی لە پارێزگای سلێمانییە.
 
رابەر تەڵعەت، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی کە ناوەندەکەیان دوایین راپرسی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو و بە دیاریکراوی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ نێوەڕۆک و وردەکارییەکەی ئاشکراکرد و گوتی: ئەم راپرسییە لەکاتێکدا کراوە خەڵک دڵنیا نەبووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
 
گوتیشی: زۆرترین دەنگی شاراوە و کورسیی خۆڵەمێشی لە بازنەی سلێمانی هەن، کە بە بەهای 21 کورسی خەڵک نایەوێت دەنگی خۆی ئاشکرا بکات، ئەوەش دەرفەت و چانسێکی زۆر دەداتە حیزب و هێزەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشاتمانیی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەنگانە.
 
باسی لەوەش کرد، ئێستا لە پلەی دووەمدا دەنگی شاراوە و کورسی خۆڵەمێشی لە پارێزگای هەولێر هەن کە بەبەهای 12 کورسین و کەمترین دەنگی شاراوە و کورسی خۆڵەمێشیش لە پارێزگای دهۆکن.
 
بەپێی راپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، کە لە هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، 3 هەزار کەس وەکو نموونە وەرگیراون، بەشداریی هەڵبژاردن لەم هەڵبژاردنەدا بەرز دەبێت و ئەو کەسانەی لە راپرسییەکەدا گوتوویانە بەدڵنیایی بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، یان بەشداریی دەکەن و دەنگ دەدەن رێژەکەیان دەگاتە 84.1٪، هاوکات 5.6٪ بەشداربووان بڕیاریان نەداوە و 8.1٪ گوتوویانە دەنگ نادەین.
 

هەر لە راپرسییەکەدا پێشبینیی دابەشبوونی ئەو کەسانەی کە دەنگ نادەن بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا کراوە و دەرکەوتووە؛ ئەوانەی ناچن بۆ دەنگدان 23.7٪ لایەنگری پارتی، 11.7٪ لایەنگری یەکێتی، 1.1٪ نەوەی نوێ، 0.6٪ یەکگرتوو، 0.3٪ گۆڕان و 0.3٪ شیان لایەنگری حیزبە نوێیەکانن.
 
"ناڕەزایی لایەنگری حیزبەکان"
 

لەبارەی ئەم دابەشبوونەوە رابەر تەڵعەت لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەنجامی ئەو لایەنگرانەی حیزبەکان کە بڕیاریانداوە دەنگ نەدەن چەند ئاماژەیەک هەڵدەگرن، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دۆخی لە هەموو حیزبەکان جێگیرترە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ناڕەزایی و نیگەرانییەکی زۆر لەنێو لایەنگرانیدا هەیە و بۆ یەکێتیی نیشاتمانیی کوردستانیش ئاماژەکان وان، کە ئەو هێزە خەریکە جەماوەرەکی لەدەستدەدات، هاوکات بزووتنەوەی گۆڕانیش دەنگدەر و لایەنگرانی نائومێدکردووە و ئومێدیان پێی نەماوە جارێکی دیکە دەنگی پێبدەنەوە.
 
بازنەی هەولێر
 

بەشێکی دیکەی راپرسییەکە تایبەتە بە دابەشبوونی دەنگی بازنەکانی هەڵبژاردن بەسەر لایەنە سیاسییەکان و تێیدا دەرکەوتووە لە بازنەی هەولێر پارتی دیموکراتی کوردستان 52.5٪، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5.5٪، جوڵانەوەی نەوەی نوێ 0.7٪، یەکگرتووی ئیسلامی 0.4٪، کۆمەڵی دادگەری 0.2٪ ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
 
هاوکات هەر لە بازنەی هەولێر رەوتی هەڵوێست 0.2٪، بەرەی گەل 0.1٪، بەرەی تورکمانی 0.1٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
 
بازنەی سلێمانی
 

لە بازنەی سلێمانیش کە بەپێی پێشبینییەکان زۆرترین کێبڕکێی تێدا دەکرێت، بەپێی راپرسییەکە دەنگەکان بەمجۆرە دابەشدەبن: 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان 10.1٪، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 20٪، جوڵانەوەی نەوەی نوێ 3٪، یەکگرتووی ئیسلامی 0.6٪، کۆمەڵی دادگەری 0.3٪، بزووتنەوەی گۆڕان 0.4٪، رەوتی هەڵوێست 0.7٪ و بەرەی گەل 0.5٪ دەنگەکانی ئەو پارێزگایە بەدەستدەهێنن.
 
بازنەی دهۆک
 

وەکو بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی گوتی هەمیشە راپرسییەکان لەبارەی هەڵبژاردن لە دهۆک ئاسانترن بەراورد بە هەموو پارێزگاکانی دیکە و ئەنجامەکانیش نزیکتر لە راستی دەردەکەون و بەپێی ئەم راپرسییەش ئەنجامە پێشبینیکراوەکان بەمجۆرەن: 
 
پارتی 75.3٪، یەکێتی 1.6٪، نەوەی نوێ 0.5٪، یەکگرتوو 0.3٪ـی دەنگەکانی ئەو بازنەیە بەدەستدەهێنن.
 
بازنەی هەڵەبجە
 

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەنیا 3 کورسی پەرلەمانی کوردستانن بەڵام کێبڕکێی هەڵبژاردن تێیدا سەختە و دەنگەکانی بەسەر هەموو لایەنەکان دابەشدەبن بەجۆرێک: 
 
8.4٪ بۆ پارتی، 12.4٪ بۆ یەکێتی، 1.1٪ بۆ گۆڕان، 5.1٪ بۆ نەوەی نوێ، 1.1٪ بۆ یەکگرتوو، 1.1٪ بۆ کۆمەڵ  و 0.6٪ بۆ رەوتی هەڵوێست پێشبینیکراون.
 
راپرسییەکە لەنێو 3 هەزار کەس کە 72.9٪ـیان لە رەگەزی نێر و 27.1٪ـیان لە رەگەزی مێ بوون، ئەنجامدراوە، 45.7٪ـی بەشداربووان لە ناوەندی پارێزگاکان و 43.6٪ لە قەزا و 9٪ لە ناحیە و 1.3٪ لە گوند و 0.3٪ لە ئۆردوگاکان نیشتەجێ بوون.
 
هەر ئەو ژمارەیەی بەشداربووانی راپرسییەکە بە رێژەی 31.6٪ بۆ پارێزگای هەولێر و 36.9٪ بۆ پارێزگای سلێمانی و 24.8٪ بۆ پارێزگای دهۆک و 6.8٪یش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابەشدەبن.