بەڕێوەبەرى سەربڕخانەى هەولێر: 11 رێکخراو و 51 کەس ناویان بۆ قوربانیکردن تۆمار کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

11 رێکخراوى خێرخوازى و 51 هاونیشتمانی لە سەربڕخانەى هاوچەرخى هەولێر ناویان تۆمارکردووە بۆ ئەوەى ئاژەڵەکانیان بۆ قوربانى سەرببڕن. بەڕێوەبەرى سەربڕخانەى هاوچەرخى هەولێر دەڵێت: بەراورد بە پار کەمی کردووە.  
 
هەینى، 6ى حوزەیرانى 2025، هەڵبەت هەمزە بە رووداوى راگەیاند، لە کاژێر شەشى بەیانییەوە بە ئامادەبوونى پزیشکانى ڤێرتەرنەرى و قەسابەکان دەست بەکار کراوە، نزیکەى 11 رێکخراو و دەزگاى خێرخوازى پێشتر ناویان تۆمارکردووە بۆ سەربڕینى ئاژەڵ.
 
هەڵمەت هەمزە گوتى: "رێکخراوە خێرخوازییەکان هەمان ئەوانەى پار بوون، بەڵام ژمارەى ئاژەڵەکانیان کەم بووە، رێکخراو هەبوو پار نزیکەى 100 سەر ئاژەڵى هەبووە بۆ قوربانی، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا 20ی هێناوە".
 
لە رۆژانى جەژندا سەربڕخانەى هاوچەرخى هەولێر کراوە دەبێت بۆ ئەوەى ئەو کەسانەى قوربانى دەکەن لەو سەربڕخانەیە پشکنینى بۆ بکرێت. 
 
بەڕێوەبەرى سەربڕخانەکە گوتى: "بۆ ئەم جەژنە 51 هاووڵاتى ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ قوربانیکردن، بەڵام پار 372 کەس ناوى خۆیان تۆمارکردبوو". 
 
ئەو رێکارانە بۆ رێگرییە لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى، بەگوێرەى نوێترین ئامارى وەزارەتى تەندروستیى عێراق ئەم ساڵ 107 کەس وەک توشبووى تاى خوێنبەربوون تۆمار کراون، 16 یان گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەڵمەت هەمزە رایگەیاند: پزیشکانى ڤێرتەرنەری لە سەربڕخانەکە پێش سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ دەکەن، ئەگەر دەرنەچوو لە پشکنین رادەستى خاوەنەکەى دەکرێتەوە تاوەکو بیگەڕێینێتەوە بۆ ئەو شوێنەى لێى کڕیوە، ئەگەر دواى سەربڕین دەرکەوت کێشەى تەندروستی هەیە، رادەستى خاوەنەکەى ناکرێتەوە و  گۆشتەکەى دەسووتێنرێت.