دایکێک و سێ منداڵی بەهۆی ئاگرەکەی ئامەد گیانیان لەدەستدا؛ 'تیمەکان نەیانتوانی کرێنەکە بەرزبکەنەوە'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، ئاگر لە باڵەخانەیەکی 13 نهۆمی کەوتەوە و بەهۆیەوە دایکێک و سێ منداڵی گیانیان لەدەستدا. هاووڵاتییان رەخنە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەگرن و دەڵێن، وەک پێویست ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردووە.
 
رووداوەکە لە قەزای پەیاس لە پارێزگای ئامەد روویدا و بەهۆیەوە چوار ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا، کە بریتی بوون لە دایکێک، دوو کچ و کوڕێکی. هەروەها 13 کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا بریندار بوون.
 
خەلیل ئورەک، یەکێک لە شایەتحاڵانی رووداوەکە بە میدیاکانی تورکیای گوت: "یەکێک لە هاوڕێکانم بوو، هاوژین و منداڵەکانی گیانیان لەدەستدا. هاوژینەکەی 35 ساڵان بوو، منداڵەکانیشی بچووک بوون. یەکێکیان 12 ساڵ، یەکێکیان 5 ساڵ و ئەوی دیکەیان 6-7 ساڵان بوو. دوو کچ و کوڕێک بوون."
 
شایەتحاڵێک: ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لەکارکەوت
 
بەگوێرەی گوتەی شایەتحاڵان، کاتێک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، لە بەردەم باڵەخانەکەدا لەکارکەوتووە و بۆ ماوەیەکی زۆر نەجووڵاوە، ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم کارەکانی رزگارکردندا.
 
ماشەڵڵا لیجی، شایەتحاڵێکی دیکەی رووداوەکەیە و دەڵێت: "پێویستە ئەو کەسانەی لە تیمی ئاگرکوژێنەوە کاردەکەن، هەموویان راهێنراو و پسپۆڕ بن و بزانن چۆن بەپەلە فریاکەوتن ئەنجام بدەن. نابێت تەنیا بۆ مووچە وەرگرتن لە شارەوانی دابنیشن. تیمەکە هاتووەتە ئێرە و نەیتوانیوە کرێنەکەی بەرزبکاتەوە. ئەگەر زوو فریابکەوتنایە، ئەو هەموو کەسە گیانیان لەدەست نەدەدا و بریندار نەدەبوون."
 
پارێزگاری ئامەد: ئەگەر کەمتەرخەمی هەبێت، بەرپرسان باجەکەی دەدەن
 
موراد زۆرڵوئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد، لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاکپارتی سەردانی بریندارەکانی لە نەخۆشخانە کرد و دواتر زانیاریی فەرمی لەبارەی رووداوەکەوە راگەیاند.
 
پارێزگاری ئامەد گوتی: "لەلایەک سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و لەلایەکی دیکەشەوە خۆمان، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە دەکەین. ئێمە لە هەموو وردەکارییەکانی دەکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین هیچ کەمتەرخەمییەک هەبووە یان نا. ئەگەر کەمتەرخەمییەک لە ئارادابێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەرپرسانی ئەو کەمتەرخەمییە باجی ئەمە دەدەن."
 
هەروەها غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئامەد لەسەر لیستی ئاکپارتی رایگەیاند: "ئێوارەی جەژنە و لەم ئاگرە گەورەیەدا چوار کەس لە یەک ماڵ گیانیان لەدەستدا. دۆخی بریندارەکان باشە. ئەمە خەمێکی گەورەیە. سەرەخۆشی لە هەموو لایەک دەکەین."
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بە فەرمی رانەگەیێندراوە.