کەشوهەوای یەکەم و دووەم رۆژی جەژن؛ 'لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت'
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاو کردەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی لە زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەردەوام دەبێ و یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە.
محەممەد کەمال، پێشبینیکاری کەشوهەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نێوان نیوەڕۆ بۆ ئیوارەی ئەمرۆ، ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورە برووسکە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هەیە".
بەگوتەی محەممەد کەمال، "سبەی تاوەبارانی ناوبەناو و هەورە برووسکە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان هەیە و لە دوای خۆرئاوابوون دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 35 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 37 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 36 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 23 پلەی سیلیزی