ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: شێوەی ئیدارەدانی بزووتنەوەکە هەڵەی تێدا بووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ ناڕازییەکان کردووە و لێکتێگەیشتنێکی باشیش دروست بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە شێوەی ئیدارەدانی بزووتنەوەکە هەڵەی تێدابووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بزووتنەوەکە لیژنەیەکی بە ناوی ''لیژنەی ئاشتەوایی'' پێکهێناوە، بۆ ئەوەی کێشەی ئەندامانی ناڕازی چارەسەر بکات و دووبارە خۆی رێکبخاتەوە.
 
زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانی بزووتنەوەکە و ئێستاش ''لیژنەی ئاشتەوایی'' بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ئاشتکردنەوە و دانوستاندن، لەگەڵ ئەندامە ناڕازییەکان کۆبوونەوە رێکدەخات و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات. 
 
نزار مەحموود گوتی، ئەم لیژنەیە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ناڕازییان و ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، ''بۆ ئەوەی بە رێگەچارەیەک بگەین و بتوانین پێکەوە بۆ سەرخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان کار بکەین. لە دوایین کۆبوونەوەشدا گەیشتووینەتە چوارچێوەیەک بۆ کاری پێکەوەیی و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکی دەنگدەر سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان.''
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمە لەگەڵ سەرجەم ئەو کەسانە کۆبووینەتەوە کە نیگەرانییان هەبووە لە بزووتنەوەکە و پێشتر خۆیان تێیدا کاریان کردووە و سەرکردەش بوون''. دەشڵێت، هۆکاری ''شکست''ـەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و چارەسەرەکانیشیان دەستنیشان کردووە.
 
یەکێک لەو گلەییانەی کە ئەندامە دوورکەوتووەکانی بزووتنەوەکە هەیانە، شێوەی بەڕێوەبردنی گۆڕانە و ئەوان پێیوانووایە شێوەی بەڕێوەبردنی ئێستای جیاوازە لە سەرەتای دامەزراندنی. نزار مەحموود لەوبارەوە گوتی: ''هەموومان گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی کە شێوەی ئیدارەدانی بزووتنەوەی گۆڕان دوای بەڕێز نەوشیروان مستەفا بە شێوەیەکی باش نەبووە و بۆمان دەرکەوتووە بەشێکی کار و هەڵوێستەکانمان هەڵەی تێدا بووە و پێویستی بە چارەسەر هەیە''.
 
نزار مەحموود دەڵێت، دوای نەمانی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو ئۆپۆزیسیۆن، ''ئۆپۆزیسیۆنی ساختە دروست بووە و بۆ هیچ داواکارییەک و داکۆکی لە مافی هاووڵاتییان 200 کەس لە شەقامەکاندا نابینرێن.''
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە هۆکارەکان کە بوو بەهۆی لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداریکردنی لە حکومەتدا بوو: ''چونکە خەڵک پێیوابوو نابێت بزووتنەوەکە بەشداری دەسەڵات بکات و دەبێت بۆ پارێزگاری لە مافەکانی خەڵک وەکو ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرسەخت بمێنێتەوە.''