فێستیڤاڵی لالش لە دهۆک بەڕێوەدەچێت؛ چاند و هونەری کوردی ئێزدی تێیدا ئاشنا دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی بنکەی رۆشنبیریی لالش لەژێر درووشمی "فۆلکلۆر ناو و ناونیشانی رەسەنایەتیی ئێمەیە" لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت. لە فێستیڤاڵەکەدا کە یەک رۆژ دەخایێنێت، چاند و هونەری کوردی ئێزدی لە پارچەکانی کوردستان بە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە ئاشنا دەکرێت.
پانێلی یەکەمی فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:30ی خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-07-2023 بە سروودی ئەی رەقیب دەستی بە کارەکانی کرد. دواتر هەریەک لە سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش و پارێزگاری دهۆک، گوتار دەخوێننەوە.
هەر لە سەرەتای فێستیڤاڵەکەدا چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەلایەن سترانبێژان تەحسین خدر و فەقیر و جەلۆ شنگالی پێشکێش دەکرێن، هەروەها تیپی شاریاش تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ پێشکێش دەکەن. دواتریش خەڵاتی فێستیڤاڵەکە دابەش دەکرێت.
لە پانێلی دووەمی سەرلەبەیانیی فێستیڤاڵەکە، سەرەتا چەند وێنەیەکی گۆرانیبێژانی کۆچکردوو نیشاندەدرێن، گرووپی "ئاوازێن مە،" چەند ئاوازێکی فۆلکلۆری پێشکێش دەکات. دواتر خواردنی فۆلکلۆریی ئێزدییەکان نمایش دەکرێت.
دوای پشوودان و نانخواردن، پانێلی یەکەمی پاشنیوەڕۆی فێستڤاڵەکە بە چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەلایەن خەلو شنگالی، مەحموود شنگالی، فەقیر میرزا و بەرەکات عەلی دەستپێدەکات.
دواتر تیتالی کەرەمێ سەیاد، بەڕێوەبەری رادیۆی یەریڤان لە ئەرمینیاوە لە رێگەی ئامێری داتاشۆوە فۆلکلۆری کوردی ئێزدی لە ئەرمەنستان نیشان دەدات. هەروەها دکتۆر بەدران حوکمەت، مامۆستای زانکۆی مێردین لە رێگەی داتاشۆوە باسی فۆلکلۆری کوردی ئێزدی لە باکووری کوردستان دەکات.