گۆڕانکارى لە وەرگرتنى خولى ئەفسەرانى وەزارەتى بەرگریى عێراق کرا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى بەرگریى عێراق گۆڕانکارى لە وەرگرتنى خولى ئەفسەران کرد بەشێوەیەک کە سەرجەم هەڵگرانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس دەگرێتەوە و لە 7ى تەمموزەوە دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن.

6ى تەممووزى 2023، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە بە فەرمانى سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق بڕیاریداوە وەرگرتن لە خولى 78ى ئەفسەرانى وەزارەتى بەرگریى عێراق خاوەنى سەرجەم بڕوانامەى بەکالۆریۆس بگرێتەوە لە پسپۆرییە جیاوازەکاندا، ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر چەند پسپۆرییەکى دەگرتەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، خاوەنى سەرجەم بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا دەتوانن لە رۆژی هەینى، 7ى تەممووزەوە تاوەکو 9ى تەممووز داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن. داواکار نابێت تەمەنى 26 ساڵ تێپەڕبووبێت و ناشبێت 35 ساڵ زیاتر بێت.
 
لە 4ی تەممووز تاوەکو 6ى تەممووز، وەزارەتى بەرگریى عێراق دەرگەى ناوتۆمارکردنى بۆ کۆلێژەکانى سەربازى کردەوە، کە نزیکەى 700 کەس بۆ ئەو خولە وەردەگیرێن؛ نزیکەى 150 کەسیان لە پشکى هەرێمى کوردستانن و لە هەردوو کۆلێژى سەربازیى قەڵاچوالان لە پارێزگاى سلێمانى و زاخۆ لە پارێزگاى دهۆک وەردەگیرێن.
 
6ى تەممووزى 2023، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لێژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیادکردنى سەرجەم پسپۆڕییەکان بۆ وەرگرتن لەو خولەى ئەفسەران بەهۆى زۆرى داواکاریی بوو بۆ ئەوەی دەرچووى سەرجەم  کۆلێژەکان بگرێتەوە.
 
سەگڤان سندى گوتیشى، "زیادکردنى ئەو پسپۆڕییانە ژمارەى خوێندکارانى خولە سەربازییەکەى ئەفسەران زیاد ناکات، کە هەر 700 کەس دەبن".