دەستەی دەستپاکی: ژمارەیەک وەزیری پێشووی هەرێمی کوردستان لە گەندەڵی تێوەگلاون


رووداو- هەولێر 

دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ژمارەیەک وەزیری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەندەڵی تێوەگلاون و دۆسێیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە".
 
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "کۆمەڵێک بەرپرسی باڵا چوونەتە دادگە کە پلەی وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتیشییان تێدایە. زیاتر لە 80 کەسی پلەباڵا لە دەستەی دەستپاکی لێکوڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە".
 
ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی، "لە پێنج ساڵی رابردوودا شەش وەزیری پێشوو بە تۆمەتی گەندەڵی لێکوڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و هەر کاتێک تۆمەتەکانیان لەسەر پشتڕاستکرایەوە، ناویان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە. هەر کەسێک سکاڵای لەسەر بێت و لە هەر پۆستێکدا بێت، لێکوڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت". 
 
رۆژی چوارشەممە، 05-07-2023، لەشکری ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فەرمانی خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینبوونی هەرێمی کوردستان. ئێمە 15 بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە. ئەوانەی خانەنشین دەکرێن بۆ هەندێک رێکاری کارگێڕی و پەنجەمۆر ناویان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتییەکان و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، بڕیارەکە دەگاتە ئێرە."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لەبارەی مامەڵەی خانەنشینیان دەڵێت، "هیچ پەرلەمانتارێک مامەڵەی خانەنشینی بو تەواو ناکرێ تاکو فۆرمی دەستەی دەستپاکی پڕنەکاتەوە".
 
لەبارەی دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارەش لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکردووە کە یاسای 2015ی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی عێراق لە هەرێمی کوردستان کارا بکرێت، چونکە پەرلەمانی کوردستان ئێستا کارا نییە."
 
ئەحمەد ئەنوەر گوتی، "لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی تایبەتمان سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە نییە"؛ ئاماژەی بەوەشدا کە پێشتر یاسای ساڵی 2015ی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان درا بە پەرلەمان، بەڵام بە هۆی وەستانی کارەکانی پەرلەمانەوە کارکردن لەسەر ئەو یاسایە وەستا و ئێستاش دادگەکانی هەرێمی کوردستان راسپێردراون کار لەسەر یاسای ساڵی 2015ی عێراق بکەن و لە مەودوا دەتوانرێت کاری پێبکرێت بو رێگریکردن لە دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارە.