لە ئامەد تەقە لە ئۆتۆمبێلێک دەکرێت و 6 کەس بریندار دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، شەش کەس بریندار بوون.
 
کاژێر 21:00ـی شەوی رابردوو، لە سنووری شارۆچکەی چنار لەنێوان ئامەد و چەولیگ لە باکووری کوردستان لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە کرا و لە ئەنجامدا 6 کەس لە سەرنشینەکانی بریندار بوون.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە بریندارەکان منداڵێکی تەمەن 9 ساڵانە و سێ کەسی دیکە لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
 
تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکە دیار نییە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەش کە لێیەوە تەقەکراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا تۆمارنەکراوە. 
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پار لە باکووری کوردستان و تورکیادا 3 هەزار و 773 شەڕ و رووداوی تەقەکردن هەبوون و لەو رووداوانەیشدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون؛ 763 لەو شەڕ و تەقەکردنانە لە باکووری کوردستان بوون و 483 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش برینداربوون.