کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 190 خێزانی ئاوارە لە هەولێر دەیانەوێت بگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 190 خێزانی دیکەی نیشتەجێی کەمپەکانی هەولێر ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە (6ـی تەممووزی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە تەنیا پێویستی بە دیاریکردنی کات و هاوئاهەنگییە لەگەڵ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان 20 کەمپی ئاوارەکان ماون، کە 15یان لە سنووری پارێزگای دهۆک و 5ـیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
عەلی عەباس گوتی، "21 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون، نزیکەی دوو هەزار و 500یان لە هەولێر و 18 هەزار و 500 خێزانی دیکەیان لە کەمپەکانی دهۆکن."
ئەو کەمپانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ئاوارەکانی عێراق کرابوونەوە، سەرجەم ئاوارەکانیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و کەمپەکانیش داخراون.