سەرۆک بارزانی و مەشهەدانی جەخت لە چارەسەری بەپەلەی کێشەی مووچە دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، "بەزووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت."
رۆژی یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی کرد.
لە دیدارەکەدا، بارەگای بارزانی دەڵێت، گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق، کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و "بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان" کراوە.
لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و بە رەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن. بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرێت، بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت."