تورکیا قەدەخەی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ 3 مانگی دیکە درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا بڕیاری دا قەدەخەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا و بەسەر ئاسمانی وڵاتەکە، تاوەکو سێ مانگی دیکە درێژ بکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی جووڵەی ئاسمانیی تورکیا ئاگانامەیەکی بۆ فڕۆکەوانان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، تاوەکو 6ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، ئەو فڕۆکانەی بەرەو فڕۆکەخانەی سلێمانی دەچن یان لەوێوە دەفڕن، رێگەیان پێ نادرێت ئاسمانی تورکیا بەکاربێنن، مەگەر بۆ دۆخی فریاگوزاریی تەندروستی بێت.
یەکەم جار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی قەدەخەکرد، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە و زیادبوونی هەژموونی پارتەکە لە فڕۆکەخانەکە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە سەرەتا تەنیا بۆ سێ مانگ بوو، بەڵام لەو کاتەوە چەندین جار درێژکراوەتەوە.
ئەمڕۆ دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بە رووداوی گوت، "لە بڕیاری درێژکردنەوەکە ئاگادار نەکراوینەتەوە."
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێویاندا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.