لە پارێزگای زیقار دوو هاونیشتمانیی کورد بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای زیقار ئۆتۆمبێلێکی ژمارە هەولێر تووشی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ بووە و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. کەسێکی نزیکی ئەو دوو کەسە دەڵێت: "هەردووکیان دانیشتووی هەولێرن، بۆ کار دەچوون بۆ بەسرە".
 
رۆژی یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، مستەفا گۆڕان، پەیامنێری رووداو بەڕێگەوە بووە بەرەو بەسرە، لەوێ رووداوەکەی بینیوە و زانیاری لەبارەی سەرنشینەکان دەستکەوت و رایگەیاند: "لە نزیک شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا ژمارە هەولێر، خۆی کێشاوە بە بارھەڵگرێکدا، کە دوو سەرنشینی تێدا بووە و ھەردووکیان گیانیان لەدەستداوە".
 
ھاوکات محەممەد سەمەد، ھاوڕێی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ھەردووکیان لە پیشەسازیی هەولێر کار دەکەن و لەحیمچین، بەڵام ھەفتەی دوو جار دەڕۆیشتن بۆ بەسرە بە مەبەستی کارکردن، کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێکەوتبوون، 13:10 تووشی رووداوی ھاتووچۆ بوون و گیانیان لەدەستدا".
 
بە گوتەی محەممەد سەمەد، تەرمەکان بۆ دادپزیشکی نێردراون. گوتیشی: "یەکیان ناوی ئەحمەد وەجدییە و ئەوی دیکە ئەشرەف یوسف، ھەردووکیان خێزاندارن و دانیشتووی پارێزگای ھەولێرن".
 
ئەحمەد وەجدی لەدایکبووی 1984ـە، دوو هاوژین و 8 منداڵی ھەیە، ئەشرەف یوسف لە دایکبووی 1996ـە و دوو منداڵی ھەیە.