قایمقامی پشدەر: شەپۆلێکی نوێی کۆچی گەنجان لە سنوورەکەمان دەستی پێکردووە


رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی نوێی کۆچی گەنجانی راپەڕین بەرەو ئەورووپا دەستی پێکردووەتەوە. بەهۆی بێکاری و نائومێدییەوە، دەیان گەنج رۆژانە ناوچەکە بەجێدەهێڵن و رێگەی قاچاخ و پڕ مەترسیی دەگرنەبەر. بەرپرسێکی حکومی و رێکخراوێکی مەدەنی ئاماری "شۆکهێنەر" دەخەنەڕوو و دەڵێن، ئەوەی روودەدات "کۆڕەوە نەک کۆچ."
 
دانیاڵ سەلیم، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی دانیشتووی قەڵادزێیە و یەکێکە لەو گەنجانەی لەگەڵ پێنج هاوڕێیدا بڕیاری کۆچی داوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا رێگەی هات و نەهات دەگرێتەبەر.
 
دانیاڵ سەلیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوناهە تەمەنم لەڕێگەی کۆچدا بەفیڕۆ بدەم، یان لە دەریای ئیجەدا بخنکێم، بەڵام ناچارم. خوێندکاری قۆناخی چوارەمی پەیمانگەی کۆمپیوتەر بووم لە قەڵادزێ، بەڵام لەبەر بێ پارەیی وازم هێنا. سەری خۆم هەڵدەگرم وەک خەڵکی دیکە، یان دەمرین یان دەگەینە جێ."
 
قەڵادزێ، کە بە دەروازەیەکی نیمچە فەرمی دادەنرێت و خاوەنی ناوچەیەکی کشتوکاڵیی بەپیتە وەک دەشتی بیتوێن، سەدان باخ و کێڵگەی پەلەوەری و حەوزی ماسی تێدایە، کەچی هێشتاش گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و رێگەی کۆچ هەڵدەبژێرن.
 
ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر، لەبارەی کۆچی گەنجانی قەزاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی 7ی ئەمساڵەوە نزیکەی 100 کەس لە قەزاکەمان کۆچیان کردبێت. بەپێی بەدواداچوونەکانمان و ئەوەی لە میدیاکانیشەوە دەیبینین، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە گەنج کۆچ دەکات. ئەگەر دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان باش نەبێت، بێگومان خەڵک زیاتر کۆچ دەکات."
 
رێکخراوەکانی تایبەت بە پرسی گەنجان باس لە "ئاماری شۆکهێنەر" دەکەن. ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی گەنجانی راپەڕین کە کار لەسەر پرسەکانی کۆچ و بێکاری دەکەن، دەڵێت: "ئەوەی ئێستا هەیە کۆچ نییە، بەڵکو کۆڕەوە. تەنیا لە یەک شەودا 70 گەنج لە قەڵادزێ و دەوروبەری کۆچیان کردووە، کە زۆربەیان مێرمنداڵن و تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە."
 
قەزای پشدەر بە ناوەندێتیی شاری قەڵادزێ، لەگەڵ شارۆچکەکانی ژاراوە، سەنگەسەر، هەڵشۆ، ئیسێوە و هێرۆ، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و سەر بە ئیدارەی راپەڕینە. ژمارەی دانیشتووانەکەی بە نزیکەی 160 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.