ئاگری دارستانەکانی مەریوان کۆنترۆڵ کرا
رووداو دیجیتاڵ
ژینگەپارێزانی خۆبەخش بە دڵی خۆش دارستانەکانی مەریوانیان جێهێشت؛ ئەوان دوای سێ رۆژ شەونخونی بەسەر ئاگری دارستانەکاندا سەرکەوتن، هەڵبەت بە زیانێکی زۆری ژینگەییەوە.
لەم دوو هەفتەیەدا سەتان هێکتار دارستان و لەوەڕگەی مەریوان سووتاون. سووتانێک کە ئەنجامی کەمتەرخەمی یان دەستی ئەنقەستی کەسانێکە کە بۆ بەرژەوەندییەکی کەم، زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیێنن و گیانی ژینگەپارێزانی خۆبەخشیش دەخەنە مەترسییەوە.
لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا خەڵکێکی زۆر بەشداربوون. دانیشتووانی گوندەکانیش بە رێنوێنیی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا رۆڵی کاریگەریان بینی.
تاوەکو ئێستا رێژەی زەرەر و زیانی ئاگرکەوتنەوەی سێ رۆژی رابردووی دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان رانەگەیێندراوە، بەڵام بەپێی بەراوردی سەرەتایی زیاتر لە 500 هێکتارە.
ئاگرگرتنی دارستان تەنیا زیان بە دار و لەوەڕگە ناگەیێنێت، گیانی باڵندە و بوونەوەرەکانیش دەخاتە مەترسییەوە. لە ئاگرکەوتنەوەی ئەمجاری دارستانەکانی مەریواندا، ئەو کیسەڵە لەلایەن ژینگەپارێزانەوە رزگار کرا، بەڵام زۆر بوونەوەری دیکە تێداچوون.