مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان مەڵبەندی پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە مەڵبەندی پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئازادیی ئایینی دەبێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-08-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارک و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد کە لە ژمارەیەک لە مەتران پێکهاتبوون.
 
مەسرور بارزانی وێنەی سەردانی شاندەکەی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو پێشوازی و پشتیوانییەی لێی کراوە و ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانیشی لە هەرێمی کوردستان کرد."
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.

 

 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە کشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی سەرۆککۆماری عێراق تایبەت بە پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ و کەنیسەی کلدانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هیوامان خواست، ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە مەڵبەندی پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئازادیی ئایینی دەبێت و پاڵپشتی لە پێکهاتەی کریستیانەکان دەکات کە بە ناهەق لە لایەن هەندێک لایەنی نابەرپرسەوە رووبەرووی پاکتاوی ئایینی دەبنەوە و داکۆکی لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکەینەوە و دژی گۆڕینی دیمۆگرافی بەزۆر، دەوەستینەوە."