لە رووداوێکی تەقەکردن لە هەولێر سێ کەس کوژراون و تۆمەتبارەکە دەستگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە رووداوێکی تەقە کردندا لەسەر رێگەی کەسنەزان، سێ کەس کوژران.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت رووداوەکە کاژێر 20:30 خولەک و لەنێو بەنزینخایەک روویداوە.
رووداوەکە چۆن روویداوە؟
شایەتحاڵێک دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرۆزەری رەش چووە بۆ تێکردنی بەنزین، دوای ئەوەی هەندێک بەنزین رژاوە، شۆفێرەکە گوتویەتی، "پارەی بەنزینە رژاوەکە نادەم" و بووەتە دەمەقاڵێ لەنێوان شۆفێرەکە و کرێکاری بەنزینخانەکە.
کارمەندی بەنزیخانەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللەی لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەیان لە رێگەی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
جگە لەو دوو کەسە، کەسێکی دیکە کە پەیوەندیی بە رووداوەکەوە نەبووە گوللەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە هەردووکیان بە رەگەز عەرەب بوون و کارمەندی بەنزینخانەکە بە رەگەز کورد بووە.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تاوانباری کوشتنی سێ کەسە دەستگیرکراوە و بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.