کارەبای سلێمانی: لە 6 مانگی رابردوو هاوبەشانی وزە نوێبووەکان 100% زیادیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ژمارەی هاوبەشانی وزە نوێبووەکان لە سلێمانی گەیشتووەتە 1033 هاوبەش. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەیش گوتی، "لە 6 مانگی رابردوودا بە رێژەی 100% زیادیان کردووە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئابی 2025 سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە 6 مانگی رابردوودا، ژمارەی هاوبەشان، کە لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەبا بەرهەمدەهێنن گەیشتووەتە 1033 هاوبەش؛ هەر لەو ماوەیەدا بە رێژەی 100% زیادیان کردووە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی کارەبای سلێمانی، پارێزگاکە پێشەنگی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، ئێستا مانگانە 23.370 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت.
 
سیروان محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، "بەگوێرەی ئامارەكانی بەشی وزە نوێبووەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان لە سنوورەکەدا، رۆژ بە رۆژ هاووڵاتییان روو لە دانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر دەكەن."
 
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەشڵێت، "جگە لەوەی کۆمەڵێک هاوبەش لە سنوورەکەدا تۆمار نەکراون، ئینجا ژمارەی هاوبەشان و بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە هێندەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رابردوودا تاوەکو رۆژی 19ی شوباتی 2025، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كارەبا، كە سیستمەكەیان دانابوو 510 هاوبەش بوون."
 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 6,500 مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا 4,000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
 
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كارەبا، هەر هاوبەشێكی كارەبا سستمی وزەی خۆر دابنێت و تۆماری بكات، ئەو بڕەكارەبایەی دەگێڕێتەوە بۆ ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی، مانگانە بە شێوەی مەقاسە لە خەرجی كارەبا نیشتمانییەكانی دەردەكرێت.