سامانی ماسی: ئەگەر کارەبای 24 کاژێریمان بە نرخی کشتوکاڵی پێبدرێت دەگەینە ئاستی خۆبژێوی


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، کارەبای 24 کاژێری کاریگەریی زۆری لەسەر پڕۆژەکانی ماسی دەبێت. باسی لەوەش کرد، "ئەگەر بە نرخی پاڵپشتیکراوی کشتوکاڵی کارەبا بە پڕۆژەکان بدرێت، لە بەرهەمی ماسی دەگەینە ئاستی خۆبژێوی."
 
رۆژی چوارشەممە 06ـی ئابی 2025، بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی رووناکی کاریگەریی زۆری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتی سامانی ماسی دەبێت، چونکە شەوانە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان ئامێری ئۆکسجینی ماسی بەکاردەهێنرێت و پێویستیی زۆرمان بە کارەبایە، بەڕادەیەک ئەگەر کارەبا نەبێت، هەموو ماسییەکان لەنێودەچن."
 
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کارەبا بە نرخی پاڵپشتیکراوی کشتوکاڵی بە هەموو پڕۆژەکان دەدرا. بەڕێوەبەری سامانی ماسی دەڵێت: "ئەگەر کارەبای 24 کاژێریشمان بە نرخی کشتوکاڵی پێبدەن نەک بازرگانی، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ماسی و بەرهەمی ماسیش زۆر زیاد دەکەن، لە بەرهەمی ماسی دەگەینە ئاستی خۆبژێوی و هەناردەشی دەکەین."
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "14 هەزار دۆنم حەوزی ماسی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانە هەر دۆنمێکی سێ تۆن ماسی بەرهەم دەهێنێت."
 
بە گوتەی بێستوون نەجمەدین، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، 40%ی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ماسی زیادیان کردووە". گوتیشی: "65%ی ماسیی زیندووی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ دابین دەکرێت."
 
لە تەواوی هەرێمی کوردستان 420 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی هەن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و بەرهەمی ساڵانەیان 4,700 تۆنە.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستیی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسی هەیە، زۆرینەی لە بەرهەمی نێوخۆیی دابین دەکرێت و ئەوەی دیکەشی بە شێوەی زیندوو و بەستوو هاوردە دەکرێت.
 
کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدایە، کە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئێستا دوو ملیۆن و 700 هەزار هاونیشتمانی کە دەکاتە 716 هەزار هاوبەش، لە پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.