پێش جەژن ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رادەگەیەنرێت
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەر لە جەژنی قوربان ئەنجامی خوولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلەکانی سێی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی رادەگەیەندرێت.
د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە لەبەرچاوگرنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان هاوکاری زۆری قوتابیان کراوە، گوتیشی ئەمساڵ بە بەهای کەمتر لە حەوت ملیۆن دۆلار پەرتووک بۆ قوتابخانەکان چاپکراوە و، بەر لە سەرەتای مانگی داهاتووش پەرتووکە چاپکراوەکان دەگەنە کوردستان".
ئەمساڵ 263 هەزار و 954 قوتابی و خوێندکاری پۆلەکانی (نۆیەمی بنەڕەتی و دوانزەی ئامادەیی و پیشەییەکان)، بەچاودێری 54 هەزار و 301 چاودێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر لە 4 هەزار و 270 هۆڵ لە خوولی یەکەم تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا.
وەزیری پەروەردە پێشتر رایگەیاندبوو "هەر خوێندكارێك ئەگەر ئەمساڵ كۆنمرەی بەدڵ نەبوو، دەتوانێت ساڵی داهاتوو بەشداری تاقیكردنەوەكان بكات، تەنانەت ئەگەر ئەمساڵیش سەرجەم تاقیكردنەوەكانی وەڵامدابنەوە و دەرچووبێت".