جیاوازیی ژیانی لاوان و هەرزەکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بە هاوئاهەنگی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) و یونسکۆ رووپێوی هەرزەکاران و لاوانی لە هەرێمی کوردستان کردووە و جیاوازییان لەگەڵ هەرزەکار و لاوانی عێراق لە چەند بوارێکی ژیان دەردەخات.
بەپێی دوایین خەمڵاندنی دانیشتووان لە دەستەی ئامار بۆ ساڵی 2018 هەرزەکاران و لاوان (تەمەن 10 بۆ 30 ساڵ)، رێژەی 39.5%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
نموونەی رووپێوییەکە بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە و لە مانگی ئاداری 2019 دەستی بە کاری مەیدانی کردووە. بۆ هەر پارێزگایەک 125 بوار دیاریکراوە و بۆ هەر بوارێک 5 خێزان، واتە کۆی گشتیی بۆ هەر پارێزگایەک 625 خێزان وەرگیراون و رەچاوی هەردوو ژینگەی شارنشین و گوندنشین کراوە.
لە رووپێوییەکەدا 4811 کەس لە تەمەنی 10 بۆ 30 ساڵی بەشدارییان کردووە. 93.2%ی خێزانەکان کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە خۆجێیین و 6%یان خێزانە ئاوارەکانن و 0.8%یان پەنابەرانن.
رووپێوییەکە شەش تەوەری جیاوازی لەخۆگرتووە و بەپێی رووپێوییەکە، ژمارەی هەرزەکار و لاوانی هەرێمی کوردستان کە سەڵتن زیاترن لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام رێژەی جیابوونەوە لەنێو هەرزەکار و لاوان (ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە) لە هەرێمی کوردستان زیاترە بە بەراورد بە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
بەپێی رووپێوییەکە رێژەی ئەو هەرزەکار و لاوانەی هەرێمی کوردستان ئامێری زیرەک و توانای دەستگەیشتنیان بە ئینتەرنێت هەیە زیاترە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
لەبارەی بێکارییەوە کە تەوەرێکی رووپێوییەکەیە، لە 45.6%ی هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان پێیانوایە بێکاری هۆکارە بۆ خواردنەوەی کحوولی، بەڵام 33.8%ی هەرزەکار و لاوانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەمان رایان هەیە، ئەویش لە کاتێکدا بێکاری لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق سێ هێندەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە.
6.6%ی هەرزەکار و لاوانی هەرێمی کوردستان خواردنەوە کحوولییەکان دەخۆنەوە کە زیاترە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق. لە بەغدا 1% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 0.9%ی گەنجان دەخۆنەوە.
وردەکاریی رووپێوییەکە:
باری خێزانیی هەرزەکاران و لاوانی تەمەن 10 بۆ 30 ساڵ
• بەپێی رووپێوییەکە، رێژەی 82.6% هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان سەڵتن، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 77.1% سەڵتن، لە بەغدا 79.3% سەڵتن.
• هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان 16.7% هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام لە بەغدا 19.4% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 22.1% هاوسەرگیرییان کردووە.
• لەروو جیابوونەشەوە لەناو ئەو هەرزەکاران و لاوانەی هاوسەرگیرییان کردووە، هەرێمی کوردستان بە رێژەی 0.2%، بەڵام رێژەکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق 0.1% بووە.
• ناوەندی تەمەنی یەکەم هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان 23 ساڵییە، لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق 21 ساڵی بووە.
• ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە (پیاوان) خۆی یان هاوسەرەکەی رێگەکانی رێگری لە سکپڕی بەکاردەهێنن، لە هەرێمی کوردستان 54.5%، لە بەغدا 39.1% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 23.4% بووە.
• ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە (ژنان) خۆی یان هاوسەرەکەی رێگاکانی رێگری لە سکپڕی بەکاردەهێنن، لە هەرێمی کوردستان 61.3%، لە بەغدا 39.7% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 38.7% بووە
•
باری خوێندنی هەرزەکاران و لاوانی تەمەن 10 بۆ 30 ساڵ
• بەپێی رووپێوییەکە، ئەوانەی ئێستا بەردەوامن لە خوێندن لە هەرێمی کوردستان 60.2%، بەڵام لە بەغدا 55.2% و پارێزگاکانی دیکەی عێراق 51.8% بووە.
• ئەوانەی هەرگیز پەیوەندییان بە خوێندن نەکردووە، لە هەرێمی کوردستان 2.3%، لە بەغدا 4.6% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 5.2% بووە.
باری خۆراکی هەرزەکاران و لاوانی تەمەن 10 بۆ 30 ساڵ
• ئەوانەی کێشیان دەپارێزن، لە هەرێمی کوردستان 45.1%، لە بەغدا 70.5% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 72.9% بووە.
• ئەوانەی گرنگی بە کێشیان نادەن، لە هەرێمی کوردستان 11.8%، لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق 11.4% بووە.
• ئەوانەی ژەمی بەیانیان ناخۆن، لە هەرێمی کوردستان 8.2%، لە بەغدا 2.5% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 2.9% بووە.
تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کاتە بەتاڵەکان
• ئەوانەی خوێندن بە گرنگ دەزانن لە هەرێمی کوردستان 39.9%، بەڵام لە بەغدا 33.9% لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 32.5% بووە.
• ئەوانەی تەندروستی بە گرنگ دەزانن و ئەولەویەتی پێدەدەن، لە هەرێمی کوردستان 29.1%، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 36% و لە بەغدا 39.5% بووە.
• ئەوانەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگ دەزانن، لە هەرێمی کوردستان 12%. لە بەغدا 19.8% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 9.9% بووە.
• ئەوانەی گرنگی بە هیچ نادەن، لە هەرێمی کوردستان 1.6%، لە بەغدا 5.6% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 4.2% بووە.
• ئەوانەی پێیانوایە بە بەراورد بە ساڵی رابڕدوو (2018) بەشێوەیەکی گشتی ژیانیان باشتر بووە، لە هەرێمی کوردستان 59.5%، لە بەغدا 36.9% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 41.8% بووە.
• ئەوانەی جگەرەیان کێشاوە، لە هەرێمی کوردستان 77.4%، لە بەغدا 77.8 و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 77.6% بووە.
• ئەوانەی کحوولیان خواردووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان 6.6%، لە بەغدا 1% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 0.9% بووە.
• ئەوانەی (جگەرە، نێرگەلە، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی)ییان کێشاوە، لە هەرێمی کوردستان 20.2%، لە بەغدا 13.6% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 11.3% بووە.
• ئەوانەی پێش تەمەنی 15 ساڵی (جگەرە، نێرگەلە، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی)ییان کێشاوە، لە هەرێمی کوردستان 36.6%، لە بەغدا 7.6% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 11.3% بووە.
• ئەوانەی کاتە بەتاڵەکانیان بە سەیرکردنی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی بەسەردەبەن، لە هەرێمی کوردستان 52.1%، لە بەغدا 62.1% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 56.1% بووە.
• ئەوانەی کاتە بەتاڵەکانیان بە گەڕان لەناو ئینتەرنێت بەسەردەبەن، لە هەرێمی کوردستان 57%، لە بەغدا 53.1% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 40.7% بووە.
• ئەوانەی دەخوێننەوە، لە هەرێمی کوردستان 54.8%، لە بەغدا 35.1% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 26.6% بووە.
لاوان و تەکنەلۆژیای زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
• ئەوانەی خاوەن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن (مۆبایل، کۆمپیوتەر و لاپتۆپ، تابلێت و ئای پاد)، لە هەرێمی کوردستان 84.9%، لە بەغدا 67.5% و پارێزگاکانی دیکەی عێراق 57.9% بووە.
• ئەوانەی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، لە هەرێمی کوردستان 72%، لە بەغدا 66.3% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 52.3% بووە.
• ئەوانەی ئارەزووی کۆچکردن دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیان لە وڵات، لە هەرێمی کوردستان 54.4%، لە بەغدا 46.4% و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق 45.2% بووە.