شوێنی فڕێدانی زبڵی بۆکان دانیشتووانی گوندێک بێزار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

زبڵ و پاشماوەی نێو شار و گوندەکانی بۆکان لە نزیک گوندی شێخلەر فڕێدەدرێت؛ کە دەکەوێتە کەمتر لە 10 کیلۆمەتر دووریی بۆکان و سەر رێگەی مهاباد.
 
بۆنی زبڵ، دووکەڵی سووتاندنی و پیسکردنی گوندەکەیان و کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە، ژیانی لە دانیشتووانی گوندی شێخلەر هەڵگرتووە.
 
ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوە و فڕێدانی زبڵی بۆکان بەنێو گوندی شێخلەردا هاتووچۆ دەکەن، زۆرجار پاشماوەکان لەو ئۆتۆمبێلانە دەکەونە خوارەوە و بەنێو گوندەکەدا بڵاودەبنەوە.
 
لە بۆکانیش وەکو زۆر شاری دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان سیستمی بەرهەمهێنانەوەی زبڵ و پاشماوەکان نییە. شارەوانی بە ئاگرتێبەردان و سووتاندن بەشێکیان لەنێودەبات، رێگەیەک کە زیانی تەندروستی و ژینگەیی زۆری هەیە.
 
کێشەی دانیشتووانی شێخلەر، مشتێکە لە خەرمان. لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی شوێنی فڕێدانی زبڵ و پاشماوە هەیە. لە زۆربەی شارەکان، زبڵ لە نزیک شوێنی ژیانی خەڵک و زەوییە کشتوکاڵییەکان فڕێ دەدرێت.