ئەم ساڵ زیاتر لە 1400 هێکتار دارستان و پووش و پاوان لە ئیلام سووتاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە 39 جار ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانەکانی پارێزگاکە کەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە زیاتر لە 1400 هێکتار لەو رووبەرە سووتاوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 06-09-2025 یاسەمین خان محەممەدیان، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامارێکی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوەی لە سنووری پارێزگاکە خستەڕوو.
 
بەگوتەی یاسەمین خان محەممەدیان، لە 21-03-2025ەوە 39 جار ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانی پارێزگاکە کەوتووەتەوە کە بەشێکیان بە دەست ئەنقەست بوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام ئاماژەی بەوە کرد، لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 400 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە کە زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان بووە.
 
یاسەمین خان محەممەدیان ئاماژەی بە سزادانی ئەو کەسانە کرد کە دەبنەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و گوتی: ''هەر کەسێک بەئەنقەست ئاگر لە دارستان و پووش و پاوان بەربدات، بەپێی یاسا بە پێبژاردن و بەندکردن لە 3 مانگەوە بۆ 10 ساڵ سزا دەدرێ.''
 
رووبەری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن هێکتارە.
 
هۆکارە مرۆییەکان هۆکاری بەشی زۆری سووتانی دارستانەکانن، بەڵام هۆکارە سرووشتییەکانیش رۆڵیان هەیە.