رووداو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکی کاتیی بۆ مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران کرا، بەڵام ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگەکانی دوای ئەوە یەکلایی نەکراوەتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "لە دوا کۆبوونەوەدا هیچ رێککەوتنێک نەکرا، چونکە لەسەر پرسەکان و بەتایبەتی داهاتی نانەوتی رامان جیاوازە".
 
لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی، رێکنەکەوتوون و هەردوولا داواکاریی جیاوازیان هەیە.
 
رۆژی شەممە، 06ـی ئەیلوولی 2025، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن، وەکو بودجەی 2023، بڕیاری دادگەی فیدراڵی و رێککەوتنی هەردوو حکومەت کە بریتی بوو لە رادەستکردنی 120 ملیار دینار و 230 هەزار بەرمیل نەوت؛ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی یەکێک لەو رێککەوتنانە بێت تاوەکو حکومەتی عێراق خۆی یەکلایی دەکاتەوە."
 
جەمال کۆچەر: رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لە بەرژەوەندیی کوردستانە
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "باشترین بژاردە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە بۆ مووچەی مانگەکانی داهاتووش پابەندی رادەستکردنی 120 ملیار دینار بێت لە داهاتی نانەوتی، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەمە رازی نەبێت، عێراق لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێم دەکات و لیژنەی پسپۆڕ دەنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە، ئەوکات بەپێی پێوەرەکانی لێکۆڵینەوەی عێراق، بڕەکە زیاتر دەبێت لە 120 ملیار دینار و ئەمەش لە زیانی هەرێمە".
 
رادەستکردنی داهاتی نانەوتی یەکێکە لە مەرجەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا بەغدا و هەولێر لەسەر بڕی داهاتە رادەستکراوەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و تیمی هاوبەشی نێوانیان کاری لەسەر دەکەن.
 
پرسی داهاتی نانەوتی یەکێکی دیکەیە لەو مژارانەی دەبێت یەکلایی بکرێتەوە. بابەتە سەرەکییەکەی دیکە بریتییە لە پرسی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەویش هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
 
"لەبارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سێ بژاردە هەن"
 
 د. جەمال کۆچەر دەڵێت: "لە بابەتی نەوتدا سێ بژاردە هەن؛ یەکەمیان، نەوت نەفرۆشرێت و هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە بوەستێت تاوەکو چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە. دووەم، هەموو نەوتی خۆمان لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشین و لە بەرامبەردا شایستەکانمان وەربگرین. سێیەم، هەرێمی کوردستان یان عێراق کێشەی کۆمپانیاکان چارەسەر بکەن، یاخود تاوەکو هەردوو حکومەت رێکدەکەون و کۆمپانیاکان بە 16 دۆلاری تێچوو رازی دەبن".
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و هەولێر، دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەست بکرێت تاوەکو لە بەرامبەردا 16 دۆلار بدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت.
 
لە دواین کۆبوونەوە شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر چی رێککەوتن؟
 
شەوی 03ـی ئەیلوول، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و رۆژی دواتر لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق بۆ ماوەی چوار کاژێر لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی چڕیان کرد.
 
ئەمڕۆ بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا هیچ رێککەوتنێک نەکرا، چونکە رامان لەسەر داهاتی نانەوتی لەگەڵ عێراق جیاوازە و داواکارییەکانیشمان جیاوازن."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "ناکۆکییەکان لەسەر داهاتی باج، دەروازەکان و رسووماتە؛ بەغدا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات 100٪ی داهاتی باج و رسوومات رادەست بکات و دواتر 50٪ی بۆ بنێرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەڵام لەسەر 50٪ی داهاتی دەروازەکان رێککەوتوون".
 
لەبارەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکەی رووداو ئاشکرای کرد: "هەرێمی کوردستان دەڵێت، 50٪ی داهاتی باج و دەروازەکان رادەست دەکەین؛ بەڵام تەواوی داهاتی رسوومات بۆ هەرێمی کوردستانە".
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "شاندەکەی عێراق پێداگربوون لەسەر رادەستکردنی سەرجەم داهاتی ناوخۆ، بۆیە هیچ رێککەوتنێک نەکرا و بڕیارە درێژە بە کۆبوونەوەکان بدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە".
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە: ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و چەند بەڕێوەبەرێکی دیکەی وەزارەتی دارایی.
 
فوئاد حوسێن: دانوستاندنی بەغدا و هەولێر لەبارەی داهاتی نانەوتی چووەتە پێش
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە، لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە، زۆر چووەتە پێشەوە. بە تێڕوانینی من لەم رۆژانەدا دەگەنە لێکتێگەیشتن؛ هەر لایەک شرۆڤەی خۆی لەبارەی یاساکانەوە پێشکێش کردووە."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی کێشەی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و بەغدا گوتی: "کێشەکە لە نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوو، لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتیش نەبوو، کێشەکە سێ قۆڵی بوو و پێشبینی دەکەم لەم رۆژانەدا بگەنە ئەنجامێک کە لێکتێگەیشتنێکی سێ قۆڵی هەبێت."
 
فوئاد حوسێن گوتی: "هیوادارین ئەو لیژنانە کارەکانیان تاوەکو دووشەممە تەواو بکەن بۆ ئەوەی تاوەکو سێشەممە ئەو راپۆرتانەی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن، ئەرێنی بن و لەژێر رۆشنایی ئەوەشدا بڕیار بدرێت."
 
رۆژی 19ی ئابی 2025، شاندێکی وەزارەتی دارایی لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاریی حکومەتی عێراق و رۆژی دواتریش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
رۆژی 24ـی ئابی 2025ـیش، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردەوە و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. دواجار 4ی ئەیلوولی 2025 کۆبوونەوە، بەڵام دووبارە نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.