دۆسیەى پارەى بەشە خۆراکی هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەدرێتە دەست دیوانى چاودێریى دارایی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆسیەى پارەى 18 ساڵى بەشە خۆراکى هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى بازرگانیى عێراقەوە دەدرێتە دەست دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، لەدواى ئەوەى دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى لەو بارەیەوە لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان رەتکردەوە.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى بازرگانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "نووسراو بۆ دیوانى چاودێریى دارایی دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەى پارەى 18 ساڵى بەشە خۆراکى هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان، لە رێگەى وردبینیکردنی زانیارییەکان، دواتر لە دادگە سکاڵا تۆمار دەکەنەوە."
 
رۆژی 4ى ئەیلوولى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى رەتکردەوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدراڵیی عێراق دژى وەزیرى بازرگانیى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو بۆ گەڕاندنەوەى پارەى نزیکەى 18 ساڵى بەشە خۆراکى مانگانە کە لە هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان لە 1ى کانونى دووەمى 2004 تاوەکو 30ى ئەیلوولی 2021 وەرگیراوە.
 
سکاڵاکە زیاتر لە ساڵێک بوو لەو دادگایە تاوتوێ دەکرا. سەرچاوەکەى وەزارەتى بازرگانیى عێراق ئاماژەى بەوە دا، بڕیارەکەى دادگە پرسەکەى بە تەواوى یەکلا نەکردووەتەوە و دەرفەتى ئەوە ماوە کە لە رێگەى دیوانى چاودێریى داراییەوە وردبینیى تێدا بکرێت.
 
لە 23ى تشرینى یەکەمى 2022 یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لەنێوان کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و عەلا جبوورى، وەزیرى ئەو کاتی بازرگانیی عێراق واژۆ کرا بۆ ئەوەى پارەى بەشە خۆراکى مانگانەى هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتى فیدراڵیی عێراق و لە بەرامبەردا وەزارەتى بازرگانیی عێراق تێچووى گواستنەوە و رادەستکردنى بەشە خۆراکى مانگانە بۆ هەرێمى کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەوانیش وەکو وەزارەتى بازرگانی پێشتر داواى ئەو هەنگاوەیان کردووە کە لیژنەیەکى هاوبەش لە هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان پێکبهێندرێت بۆ وردبینیکردنى لەو زانیارییانە، بەڵام هێشتا لیژنەکە پێکنەهێندراوە.
 
نەوزارد شێخ کامیل ئاماژەى بەوەش دا، وردبینییەکە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە چەند پارەى بەشە خۆراک وەرگیراوە و وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستانیش چەندى لێ خەرجکردووەتەوە.
 
بەشێک لەو بڕە پارەیەى بەشە خۆراکى مانگانە، بۆ خەرجیى گواستنەوەى ئەو بەشە خۆراکانە و پاداشتى فەرمانبەرانى وەزارەتى بازرگانى خەرجکراوە، کە لە ئەستۆى وەزارەتى بازرگانیى عێراقە.
 
بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 12ى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت شایستەى دارایی نێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەنێوان ساڵانى 2004 تاوەکو 2022 پاکتاو بکرێت لەدواى وردبینیکردنى لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بە هاوئاهەنگى دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان.