پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی: 11 کەس لە دەستگیرکراونی لالەزار ئازادکراون
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە سەرۆکی بەرەی گەل دەستگیرکراوە. سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە کەیسەکەی دەڵێ، لە چەند رۆژی رابردوودا 11 کەس لە گیراوانی لالەزار ئازاد کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق دەکەین، بانگەشەمان لە هەولێر دەستی پێکردووە و لە سلێمانیش هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات".
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە کەیسی لاهوور شێخ جەنگی و سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا 11 کەس لە دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار ئازادکراون کە کارگوزار بوون و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بابەتەکەوە نەبووە".
بە گوتەی بورهان رەشید گوڵە، دوێنێ سەردانی لاهوور شێخ جەنگی کردووە؛ گوتیشی: "لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کاک لاهوور پێی گوتین، هەر بڕیارێک بدەن من پشتگیریتان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. ئێمەی سەرپشک کرد بەوەی بەشداری بکەین یان نەکەین".
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. لەبارەی بڕیاری بەرەی گەل لەسەر بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی گوتی: "بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین. سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکەین و 11 بەربژێرمان لە پارێزگاکە هەیە".
شادومان مەلا حەسەن، بەرپرسێکی بەرەی گەل لە هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 200 کەسی دیکە هێشتا دەستبەسەرن. لە رێگەی مافی مرۆڤەوە هەوڵ دەدەین کەیسەکەی کاک لاهوور ببرێتە دادگە، کە تاوەکو ئێستا نەبراوە و ئەمەش جێگەی پرسیارە".
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد. سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە هەولێر گوتی: "لە شەوی هەینییەوە، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، بەهۆی دۆخی دارایی حیزبەکەوە ناتوانین بە فراوانی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین و کەسیش دەستی یارمەتیی بۆ درێژ نەکردووین".
شادومان مەلا حەسەن گوتی: "چوار بەربژێرمان لە هەولێر، پێنج لە دهۆک و شەش لە کەرکووک هەن".
بەرەبەیانیی رۆژی 22-08-2025، دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیرکران.