بەڕێوەبەری پۆلیسی کرماشان: دزیکردن 50٪ و تووندوتیژی 54٪ کەم بووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان دەڵێ، لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا دزیکردن لە پارێزگاکە 50٪ کەمی کردووە؛ هەروەها تووندوتیژی، شەڕ و ئاژاوە بە رێژەی 54٪ کەمتر بووە. 
 
مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی پۆلیسی پارێزگاکە لەگەڵ پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، جێبەجێکردنی پڕۆژەی داهێنەرانە و شێوازی زانستی لە لایەن پۆلیسی پارێزگاکەوە لە بواری دۆزینەوەی تاوان و چاودێریکردنی رووداوەکاندا ئەنجامی باشی هەبووە و بەو هۆیەوە تاوان لە پارێزگاکەدا کەمی کردووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان، لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا دزیکردن لەسەر ئاستی پارێزگاکە بە رێژەی 50٪ کەمی کردووە و ئەوەش پیشانی دەدات پلانی پۆلیس سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
مەهدی حاجیان گوتی، لەو ماوەیەدا تووندوتیژی و شەڕ و ئاژاوە بە رێژەی 54٪ کەمتر بوونەتەوە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بە پرۆژەی دانانی کامێرای چاودێری لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی پارێزگاکە دەکات و دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە 700 گوند کامێرای چاودێرییان داناوە و پلانیان هەیە تاوەکو شەش مانگی دیکە لە 300 گوندی دیکە کامێرای چاودێری دابنێن.
 
دەشلێت، لەسەر ئاستی شارەکانیش بە تایبەت شاری کرماشان، دانانی کامێرای چاودێری بەردەوامە.