هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەمان رێنوێنیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بانگەشە لە پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی باڵای ئەمنی بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە و، چەند رێنوێنییەک بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و رۆژی هەڵبژاردن دەرکران. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "ئەو رێنوێنییانە لە پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێن."
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنێکی ئارام و لە کەشێکی سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، دامهزراوهكانی وهزارهتی ناوخۆ نیشتمانین و پێویسته هاووڵاتییان و لایهنه سیاسییهكانیش لهكاتی بانگهشهی ههڵبژاردن و دهنگدان هاوكاربن تاکو كهشێكی ئارام دروست ببێت.
ئاماژەی بەوەش دا، له ئاستی پارێزگا و ئیداره سهربهخۆكان لیژنهی لاوهكی دروستكراوه، وەزارەتەکان لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان هاوکار دەبن بۆئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوەکە، پارێزگارەکان لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکان کۆدەبنەوە و گوتیشی، "هەمان رێنوێنیی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاکان جێبەجێ دەکرێت."
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش تێیدا بەشدار بوو.
دوای کۆبوونەوەکە، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لیژنەی باڵا جەختی لەوە کردەوە کە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەپێناو پاراستنی مافی ئازادیی دەنگدان، وێنەگرتن، بەکارهێنانی مۆبایل و بردنەژوورەوەی کامێرا بۆ تۆمارکردنی دەنگ قەدەخەیە.''
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە ئەوە بووە کە لە رۆژی دەنگداندا قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێنرێت. هێمن میرانی ئاماژەی بەوە کرد، ''هاتووچۆ ئاسایی دەبێت، فرۆکەخانەکان دەکرێنەوە و دەروازە سنوورییەکانیش هەر بە کراوەیی دەهێڵرێنەوە.''
سەبارەت بە داپۆشینی جام و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ''سەرپێچییەکی گەورەی هاتووچۆیە و هەندێک جار دەچێتە خانەی تاوان، چونکە دەکرێ بە ژمارەیەکی داپۆشراوەوە، تاوان ئەنجام بدرێت.''
هێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، ''هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆکەی داپوشرابێت، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزایەکی دارایی تووند دەدرێت.''
3ی تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون، لەلایەن پۆلسیی هاتووچۆی هەولێرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
هاوکات نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی لە قەدەخەی بردنەژوورەوەی مۆبایل کرد بۆ بنکەکانی دەنگدان و گوتی، ''نابێت کاتی دەنگدان هاووڵاتییان مۆبایل بهێنن، چونکە بە هیچ شێوەیەک ئەم جارە رێگە بە بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان نادرێت.''
نەبەرد عومەر داوا لە بەربژێران دەکات لەکاتی بانگەشەدا پابەندی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی بن. ئاماژە بەوەش دەکات، ''بەکارهێنانی دامەزراوە حکومییەکان، شوێنە ئاینییەکان و ئۆتۆمبێلی حکومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەخەیە.''
وەک سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، هێڵی گەرمی 119ـیان داناوە ''بۆ ئەوەی ئەگەر بەربژێران بەتایبەتی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی هەڕەشە بوونەوە، پەیوەندی بە هێڵەکەوە بکەن و بە زووترین کات بە هانایانەوە بچن.''
رۆژی شەممە 4ی تشرینی یەکەم، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 46 کەسی بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 1800 کارتی راگەیاند. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''ئەم بابەتە زیاتر لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دەبینرێت. لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەکمان پێکهێناوە و بە تووندی کاری لەسەر دەکرێت.''
جەختیشی لەوە کردەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت کارتی بایۆمەتریی کەسێکی دیکە بۆ دەنگدان بەکاربهێنێت، ''چونکە کارتی هەر کەسێک، وێنە و پەنجەمۆری خۆی لەسەرە.''
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، لیوا مافپەروەر تاریق ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە، پلانێکی ئەمنیمان ئامادە کردووە و ئەمڕۆ پێشکێشی لیژنەی باڵای ئەمنیمان کرد کە لەلایەن جەنابی وەزیری ناوخۆ و ئەندامانی لیژنەکە پەسند کرا.''