لە سۆران مامۆستایەک بە چەقۆ بریندار کرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سۆران، مامۆستایەک لەناو حەوشەی قوتابخانەدا لەلایەن برای قوتابییەکەوە بە چەقۆ پەلامار درا و بریندار کرا. هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ لێکتێنەگەیشتن لەسەر چوونە ژوورەوەی پۆلێک لەناو قوتابخانەکەدا.
 
رووداوەکە لە قوتابخانەی "بانەدەشتی بنەڕەتیی تێکەڵاو" لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران بووە.
 
سەرچاوەیەک لە پەروەردەی سۆران وردەکاریی رووداوەکەی بۆ رووداو خستەڕوو، کە کێشەکە لە نێوان مامۆستا و کەسوکاری قوتابییەکدا دروست بووە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکە، برایەکی قوتابییەک کە تەمەنی 14 ساڵان بووە، ویستوویەتی بچێتە ژوورەوە بۆ پۆلی برا بچووکەکەی (کە قوتابی قۆناخی یەک بووە). لەلایەن مامۆستایەکی قوتابخانەکەوە رێگری لێکراوە و دوورخراوەتەوە.
 
چەند خولەکێک دواتر، گەنجەکە بە چەقۆوە گەڕاوەتەوە و پەلاماری مامۆستاکەی داوە و چەقۆیەکی لە پشتی ملی داوە.

 

بەرەڤان سەباح، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مامۆستایەک بە ناوی (ر. ش. ت) گەیێندراوەتە بەشی فریاکەوتن کە بە چەقۆ لە پشتی ملی درابوو. برینەکەی پێویستی بە دوورینەوە هەبوو و دوای چارەسەری پێویست، رەوانەی ماڵەوە کرایەوە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، مامۆستا بریندارەکە سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەلاماردەرەکە دەستگیر نەکراوە.