سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکان: بەبژێر هەبووە 80 دەفتەر دۆلاری لە بانگەشە خەرج کردووە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان، باسی بڕی ئەو پارەیە دەکات کە بەربژێر دەیدات بە فلێکس و رێکلام بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دەڵێت، بەربژێر هەیە 70 بۆ 80 دەفتەری لە بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کردووە. 
 
پەیامنێری رووداو دوو  بۆ سێ جار لێی دووپاتدەکاتەوە تاوەکو لە تێچووەکەوی دڵنیا بێتەوە. ئاخر 80 دەفتەر دۆلار گوندێکی پێ دەکڕێت.
 
عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان باس لە خەرجیی بەربژێرەکان دەکات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دەڵێت، "هەمان بووە تاوەکو 80 دەفتەری چووە، هەبووە، 45- 50 و 70 بووە."
 
ئەو دەڵێت، تێچووەکە هەمووی هی فلێکس و چاپەمەنی نییە، بەڵکو بەشێکی بۆ بانگهێشتکردنی خەڵک دەڕوات.
 
ماڵت ماڵ نەبێ، بازاڕت بازاڕ بێت، ئێستا بازاڕ لە بازاڕی خاوەن چاپخانەکان خۆشتر نییە. لە هەرێمی کوردستان 6 هەزارو 464 شوێنی چاپ هەن، بەڵام لەم کاتەدا هەموویان پڕ کارن.
 
سیراون قەڵادزەیی_ خاوەن چاپخانەیە و دەڵێت، "چاپخانەکان بە گشتی بە پێی ژمارەی خۆیان کار دەکەن، بەربژێرێش ماشەڵڵا زۆر بەپەلەن، چونکە دوو مانگی رابردوو خۆیان ئامادەنەکردووە، لەم دوو سێ رۆژە قەیرانی ئاسن و فلێکس وای کرد کەمێک بانگەشەکە سارد بکات. ساڵانی پێشوو ئەگەر سەیر بکەی ئەم کاتانە لەبەر فلێکس و قوماش هیچ رێگایەک نەبوو [هاتووچۆ بکەیت]."
 
مەتری فلێکس لە 3 دۆلار بۆ 5 دۆلارە، ئەمە وێڕای تێچووی ئاسن و گواستنەوە و بەستانی. لە برخی و بزمارەوە تاوەکو فلێکس و ئاسن هەموویان لە وڵاتی چین هاوردە دەکرێن.