کۆنسووڵی فەرەنسا: رووداو بەشێکی گرنگی دیمەنی میدیایە و زیندوویی میدیا هەواڵێکی خۆشە بۆ دیموکراسی

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر رایگەیاند، رۆژنامەگەرییەکی "ئازاد، فرەدەنگ و پیشەگەرانە" بۆ هەر هەڵمەتێکی هەڵبژاردن گرنگە و جەختی لەوە کردەوە کە تۆڕی میدیایی رووداو "بەبێ هیچ گومانێک، بەشێکە لەم دیمەنە میدیاییە گرنگە."
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 06-10-2025، تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر، بە فەرمی بەرنامەکانی بۆ رووماڵکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو.
 
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە گوتارێکیدا رایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنانە لە عێراقدا هەنگاوێکی گرنگی دیکەن بەرەو سەقامگیریی وڵاتەکە و ناوچەکە. فەرەنسا زۆر بە بەهێزییەوە پشتیوانی هەم هەرێمی کوردستان و هەم خودی عێراق دەکات."
 
برایم رۆڵی میدیای لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە "سەرەکی" وەسف کرد و گوتی: "میدیا لەڕێگەی روونکردنەوەی گرنگییەکانی هەڵبژاردنەکانەوە، هێزی هاندانی دەنگدەرانی هەیە."
 
"زانیاریدان تاوان نییە"
 
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "داکۆکیکارێکی بەهێزی دەربڕینی ئازاد بووە" و گوتی: "ئێمە بە تووندی هەموو جۆرە تووندوتیژی یان گوشارێک دژی رۆژنامەڤانان سەرکۆنە دەکەین. ئێمە لە لایەنی رۆژنامەگەرییەکی ئازاد و متمانەپێکراوداین."
 
برایم ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکی "پەیامنێرانی بێ سنوور" کرد و دروشمی "زانیاریدان تاوان نییە؛ چاکەیەکی گشتییە کە دەبێت بیپارێزین"ـی دووپاتکردەوە.
 
مەترسییەکانی هەواڵی ساختە و ژیریی دەستکرد
 
برایم هۆشداری لە "ئاڵنگارییە نوێیەکانی سەرهەڵدانی سۆشیاڵ میدیا و ژیریی دەستکرد" دا و گوتی: "هەموومان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختەمان بینیوە."
 
کۆنسووڵی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانیی پەرەپێدانی "میکانیزمەکانی پشکنینی راستییەکان" دەکات و بەشدارە لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی "حوکمڕانییەکی نێودەوڵەتی" بۆ ژیریی دەستکرد.
 
لە کۆتاییدا، برایم گوتی: "وەک دۆستێکی دێرینی رووداو، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئێوە، بەبێ هیچ گومانێک، بەشێکن لەم دیمەنە میدیاییە گرنگە. زیندوویی دیمەنی رۆژنامەگەری هەمیشە هەواڵێکی خۆش دەبێت بۆ دیموکراسی."
 
دەقی گوتارەکەی

 

یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر
 
دۆستان و هاوڕێیانی خۆشەویست، هاوکارە ئازیزەکانم لە کۆمەڵگەی دیپلۆماسی، لە سەرووی هەمووشیانەوە، دۆستان و هاوڕێیانی خۆشەویستم لە رووداو و لە کۆمەڵگەی رۆژنامەڤانی. خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەم. بیرمە ساڵی رابردوو، لە کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتەکەتاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەمان بۆنەمان هەبوو.
 
بۆ ئێمە، هەڵبژاردنەکان ساتێکی زۆر گرنگن ساتێکی سەرەکیی ژیانی دیموکراتین و دەربڕینێکی هەڵبژاردنی ئازادانەی هاووڵاتیانن. هەڵمەتەکە خۆی هەروەها ساتێکی زۆر گرنگە، هەم بۆ هاووڵاتیان و هەم بۆ ئێمەی دیپلۆماتکاران، کە لە نزیکەوە چاودێریی ئەوە دەکەین چی لە وڵاتەکەدا روودەدات.
 
هەڵمەتەکان دەرفەتێکن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاشتییانەی بیرۆکەکان. ئەوان بناخەی ئەو هەڵبژاردنانەن، کە هاووڵاتیان لەرێگەی دەنگەکانیانەوە دەیکەن.
 
ئەم هەڵبژاردنانە لە عێراقدا نوێنەرایەتیی هەنگاوێکی گرنگی دیکە دەکەن بەرەو سەقامگیریی وڵاتەکە و ناوچەکە. ئێوە زۆر باش دەزانن فەرەنسا چەند بە بەهێزییەوە پشتیوانیی هەم هەرێمی کوردستانی عێراق و هەم خودی عێراق دەکات. ئێمە ئەم وڵاتە بە بنەڕەتی دەزانین بۆ سەقامگیریی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
بەشداری لە هەڵبژاردنەکانیشدا لە مەترسیدایە. پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان تێڕوانینی دەنگدەران بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنەکەیان کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانەیان دەبێت و توانایان بۆ جێبەجێکردنی مافەکانیان هەیە. هەروەها پەیوەندییەکی روون هەیە لەنێوان ئەو تێڕوانینە و دەستڕاگەیشتنی دەنگدەران بە زانیاری لەبارەی ئەوەی چی لە هەڵبژاردنێکدا لە مەترسیدایە.
 
لەم چوارچێوەیەدا، چاپەمەنی و میدیا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. ئەوان زانیاری بڵاودەکەنەوە، بیرۆکەی بەربژێرەکان پێشکەش دەکەن و پلاتفۆرمێک بۆ چاودێران، شڕۆڤەکاران و هاووڵاتییە بەشداربووەکان دابین دەکەن. 
 
میدیا هەروەها هێزی هاندانی دەنگدەرانی هەیە لەرێگەی روونکردنەوەی گرنگییەکانی هەڵبژاردنەکانەوە. پرسە گرنگەکانی وەک ئاو و ژینگە. ئەمە بە روونی نیشانی دەدات پرۆسەی دیموکراتی چەندە گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.
 
لەرێگەی رۆژنامەگەری و میدیاوە، کەشێک هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاشتییانەی بیرۆکەکان. کاتێک باسی ئەوەت کرد کە میدیا وەک پردێک لەنێوان هاووڵاتیان و سەرکردە سیاسییەکاندا کاردەکات، دەبێت رێز لە رۆڵی گرنگی رۆژنامەڤانان و بەڕێوەبەرانی بەرنامەکان بگرم.
 
بەڕێوەبەرە بەتواناکان هەمیشە بەشێکی سەرەکیی هەر هەڵمەتێکی هەڵبژاردنن. ئەوە کارێکی راستەقینەیە و کارێکی زۆر گرنگە.
 
بێگومان، لەسەر ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا نییە کە رێنمایی بکەین چی بکرێت و چی نەکرێت، یان ئاراستەی گفتوگۆکان دیاری بکەین. بەڵام وەک دۆستێکی راستەقینەی کوردستان و عێراق، دەتوانم بڵێم رۆژنامەگەرییەکی ئازاد، فرەدەنگ و پیشەگەرانە چەندە گرنگە بۆ هەر هەڵمەتێکی هەڵبژاردن.
 
هەمان شت گرنگە بۆ بنەمای مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو بەربژێرەکان و مامەڵەی یەکسان لەنێوان ژن و پیاودا. فەرەنسا هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی دەربڕینی ئازاد بووە. ئێمە بە تووندی هەموو جۆرە تووندوتیژی یان گوشارێک دژی رۆژنامەڤانان سەرکۆنە دەکەین، کە نابێت هەرگیز ناچار بکرێن لەژێر هەڕەشەدا کار بکەن. ئێمە لە لایەنی رۆژنامەگەرییەکی ئازاد و متمانەپێکراوداین.
 
حەزیش دەکەم ئاماژە بە دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی بکەم کە ساڵی رابردوو لەلایەن پەیامنێرانی بێ سنوورەوە راگەیەندرا، دەستپێشخەریی متمانە بە رۆژنامەنووسی. ئامانجی برەودانە بە سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی زانیاری و پشتیوانیکردنی ئەو رۆژنامەگەرییەیە کە پابەندە بە چوارچێوەیەکی ئەخلاقییەوە. 
 
یەکێک لە دروشمەکانی ئێمە ئەوەیە: "زانیاریدان تاوان نییە؛ چاکەیەکی گشتییە کە دەبێت بیپارێزین."
حەزیش دەکەم هەمان قسەکانی رادوو و بێستوون دووپات بکەمەوە سەبارەت بەو ئاڵنگارییە نوێیانەی کە بەهۆی سەرهەڵدانی سۆشیاڵ میدیا و ژیریی دەستکردەوە دروست بوون. هەموومان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و ئەوەی کە هەندێک ئێستا پێی دەڵێن "راستییە جێگرەوەکان"مان بینیوە.
 
ئێمە بە تووندی پشتیوانی لە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پشکنینی راستییەکان و پیشەگەرکردنی رۆژنامەڤانی و زانیاری دەکەین. ئەمە شەڕێکی بەردەوامە کە ئێمە، وەک کۆمەڵگەکان، دەبێت بەردەوام بین لەسەری. تەنانەت لە وڵاتە دیموکراتییەکانیشدا، کە تێیدا هەواڵی ساختە هێشتا جار جار بڵاودەبێتەوە و زۆرجار لەلایەن ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
 
بابەتێکی سەرەکیی دیکە سەرهەڵدانی ژیریی دەستکردە، کە کەرتی زانیاری گۆڕیوە و مەترسیی نوێی هێناوەتە ئاراوە. هەموو ئەمانە مەترسیی راستەقینە لەسەر گفتوگۆ، بەها و پراکتیزە دیموکراتییەکانی ئێمە دروست دەکەن.
 
فەرەنسا چالاکانە بەشداری لە هەوڵی بنیاتنانی حوکمڕانییەکی نێودەوڵەتی دەکات، حوکمڕانییەکی گشتگیر. ئامانجمان دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئەم ئامرازە بەهێزە خزمەتی خەڵک دەکات و مافەکانی مرۆڤ دەپارێزێت.
 
لە 11ی شوباتی 2025دا، ئێمە بەیاننامەی لووتکەی نێودەوڵەتیی ژیریی دەستکردمان پەسەند کرد لە بەرژەوەندیی ژیرییەکی دەستکردی گشتگیر و بەردەوام، بۆ خەڵک و بۆ هەسارەکە. هەموو ئەم پێشهاتانە پێویستیی پشتیوانیکردنی رۆژنامەڤانی، میدیای پیشەگەرانە، متمانەپێکراو و فرەدەنگ بەهێزتر دەکەن.
 
ئێمە چالاکانە لەرێگەی پرۆژەی جیاوازەوە کار لەسەر عێراقیش دەکەین. حەز دەکەم ئاماژە بە پرۆژەی KARI بکەم، کە دەستپێشخەرییەکی هەرێمیی ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسییە، هەروەها دەنگی ژنان بەبێ سنوور، کە لێرە لە عێراقدا چالاکە. بۆ ئێمە، رۆژنامەڤانیی پیشەگەرانە و فرەدەنگ بناخەی ژیانی دیموکراتییە.
 
وەک دۆستێکی دێرینی رووداو، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئێوە، بەبێ هیچ گومانێک، بەشێکن لەم دیمەنە میدیاییە گرنگە. ئێوە تەنیا نین بەڵام دوای ئەوەی دوو ساڵە لەگەڵتاندا کارم کردووە، دەتوانم ئەمە بڵێم: زیندوویی دیمەنی رۆژنامەگەری هەمیشە هەواڵێکی خۆش دەبێت بۆ دیموکراسی.
 
هیوای هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو، ئاشتییانە و بەمانا بۆ گەلی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق دەخوازم. بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی سەیرکردنی هەموو ئەو پرۆگرامەکانی رووداو دەکەم. سوپاس.