بایی 65 ملیۆن دۆلار نەوتی کوردستان فرۆشرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە بەندەری جەیهان بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەشتییەوە بەرەو بازاڕەکانی ئەورووپا رۆیشت و فرۆشرا.
بەپێی ئەو نرخەی دیاریکراوە بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان کە 65 دۆلارە، بەهای ئەو نەوتەی ئەمڕۆ فرۆشراوە 65 ملیۆن دۆلارە.
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، رۆژانە نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە دەگاتە بەندەری جەیهان و هیچ گرفتێکی تەکنیکی لە ئارادا نییە، جگە لەوەی یەک جار و چەند کاژێرێک هەناردەی نەوت وەستا، ئەویش بەهۆی پڕبوونی کۆگەکانی نەوتەوە بووە.
رۆژی شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جەیهان لەڕێگەی بۆرییەوە دەستی پێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەى لە کۆتایی ئادارى 2023ەوە راگیرابوو.