حکومەت کاردەکات بۆئەوەی دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە بکرێتە نێودەوڵەتی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا و پارێزگاری هەڵەبجە راسپێردراون، سەردانی بەغدا و ئێران بکەن، ''بۆئەوەی دەروازەی سنووریی سازان بکرێتە نێودەوڵەتی،" ئاماژە بەوەش دەکات، ئەنجوومەنی وەزیران 25 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 06-10-2025، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەیان، ئومێد سەباح لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە چەند بڕیارێک کرد کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە دەرچوون و رایگەیاند: ''بڕیاردراوە رەزامەندی بدرێ لەسەر تەرخانکردنی 25 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی هەڵەبجە.''
بەگوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، جگە لەو 500 کەسەی لە سنووری پارێزگاکە بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچووبوو، بڕیار لە دامەزراندنی 250 کەسی دیکەش دراوە و گوتی: ''هەڵەبجە پارێزگایەکی نوێیە و کار لەسەر ئەوە کراوە ژێرخانی کارگێڕیی پارێزگاکە فەراهەم بکرێ.''
ئومێد سەباح باسی لە گرنگیی دەروازەی سنووریی سازان کرد و گوتی: ''وەک دەروازەیەکی سنووری بۆ گەشەسەندنی هەڵەبجە سەیری دەکەین"؛ ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا و پارێزگاری هەڵەبجە راسپێردراون ''سەردانی بەغدا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن بۆ ئەوەی دەروازەی سنووریی سازان بکرێتە نێودەوڵەتی.''
دەروازەی سنووریی سازان دەکەوێتە سنووری گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە، هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی هەڵەبجە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە.
بەشێک لەو داواکارییانەی دیکەی پارێزگای هەڵەبجە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەزامەندییان لەسەر دراوە بریتین لە دروستکردنی پارک و نەخۆشخانە لە سنوورەکە، پێکهێنانی بۆردێکی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە و راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی.
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی پارێزگاری هەڵەبجە کارکردنە بۆ قەرەبووی زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس کە رەزامەندی لەسەر دراوە. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، نووسراوێکی فەرمی لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت [بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق] کراوە بۆ ئەوەی لەسەر بودجەی سیادی، قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە بکرێتەوە.
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەش کرد، شاندێکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی وەزیران پێکدەهێنرێ کە بۆ وەرگرتنی قەرەبوو و مافەکانی خەڵکی زەرەرمەندی هەڵەبجە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کاربکەن.
رۆژی 14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تێیدا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و بەوجۆرە هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.