کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: 116 خێزانی دیکەی ئاوارەی کوردی ئێزدیی دەگەڕێنەوە شنگال
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، 116 خێزانی ئاوارەی کوردی ئێزدیی دیکە دەگەڕێنەوە شنگال و ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
رۆژی دووشەممە 06-11-2023، پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ 85 خێزانی ئاوارەی کوردی ئێزدیی لە کەمپی شالیا و بێرسڤی پارێزگای دهۆک گەڕاونەتەوە شنگال و سبەی 31 خێزانی دیکەش دەگەڕێنەوە.
پیر دەیان پیر جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ شنگال لە رێگەی میکانیزمێکەوە دەبێت کە دوو ساڵە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیپێکردووە و پێشتر 205 خێزان بە پێنج وەجبە لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەدا گەڕاونەتەوە شنگال، گوتیشی، ''تێکڕای ئەو ئێزدییانە کە لە گەڕی شەشەمدا دەگەڕێنەوە بۆ شنگال، 650 کەسن و لە 116 خێزان پێکهاتوون".
بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک کوردانی ئاوارەی ئێزدی دەتوانن لە رێگەی میکانیزمێکی دیکەشەوە ئازادانە داوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بکەن و هەر کات بیانەوێت ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و دەگەڕێندرێنەوە.
وەک پیر دەیان پیر جەعفەر دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار خێزانی ئاوارەی کوردی ئێزدی گەڕاونەتەوە شنگال، ''بەڵام پێچەوانەکەشی هەبووە و 721 خێزان جارێکی دیکە بە هۆکاری ئەمنی و ئابووری ئاوارەی کوردستان بوونەتەوە".
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ هۆکاری گەڕانەوەی شنگالییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بکات و گوتیشی، رۆژی چوارشەممە پێشوازییان لێ دەکرێت و بۆ زانینی هۆکاری گەڕانەوەیان گوێ لە قسەکانیان دەگیرێت.
لە ساڵى 2014 چەکدارانى رێکخراوى داعش هێرشیانکردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون و هەندێکیشیان چوونە دەرەوەی وڵات. پیر دەیان پیر جەعفەر جەختی لەوە کردەوە، ''بەداخەوە رێکخراوەکان بە رادەی پێویست هاوکاریی خەڵکی شنگال ناکەن بۆ گەڕانەوە و ئاسانکارییەکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە".
لە پارێزگای دهۆک 65 هەزار و 282 خێزانی ئاوارەی شنگال لە کەمپەکان دەژین، کە ژمارەیان 330 هەزار و 859 کەسن، بەپێی کارنامەی حکومەتی عێراقیش کە لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022ـەوەوە متمانەی لە پەرلەمان وەرگرتووە، بڕیاربوو لە ماوەی یەکساڵدا سەرجەم ئاوارەکانی عێراق بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.