ڤایرۆسێک نزیکەی 200 هەزار ماسی لە کۆیە لەنێو دەبات

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی حەوزەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان زیادبوون، بەڵام نەخۆشییش هەیە. سەرپەرشتیارێکی بەخێوکردنی ماسی دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تەنیا لە سنووری کۆیە زیاتر لە 200 هەزار ماسی لەنێوچوون.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، زۆرترین پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری قەزای کۆیەن و زۆرترینیشیان لە تەقتەقن لە سنووری قەزاکە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 11-2023، هاوکار جەعفەر، سەرپەرشتیاری بەخێوکردنی ماسی لە حەوزەکانی سنووری تەقتەق و کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا ماسییەکی زۆر دەخرێتە بازاڕەوە، چونکە گەورە بوون. خاوەنی حەوزەکان پەنجە ماسییان هێناوە و دەیانەوێت ماسییەکەیان بفرۆشن، بەهۆی ئەوەوە کەمێک نرخ دابەزیوە".
 
هاوکار جەعفەر دەڵێت، لە حەوزەکان نرخی ماسی دوو جۆرە؛ ئەگەر کێشی ماسییەک لە دوو کیلۆ کەمتر بێت کیلۆی بە چوار هەزار و 500 دینارە و ئەگەر کێشەکەی لە دوو کیلۆ زیاتر بێت ئەوە کیلۆی پێنج هەزار و 500 دینارە. لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی، "هەموو کاتێک ماسی گەورەتر خواستی زیاتری لەسەرە".
 
جیا لە کۆفرۆشان، لە بازاڕەکاندا کیلۆیەک ماسی زیندوو لەنێوان شەش هەزار و 500 بۆ حەوت هەزار دیناردایە، بەراورد بە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، نرخی کیلۆیەک نزیکەی دوو هەزار دینار دابەزیوە.
 
هاوکار جەعفەر کە بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی هەیە و خوێندکاری دکتۆرای هەمان بوارە، دەڵێت، ساڵانی رابردوو نزیکەی هەزار و 500 حەوزی ماسی لە سنووری کۆیە و تەقتەق هەبوون، ئێستا بە مۆڵەتدار و بێ مۆڵەتەوە دەگەنە نزیکەی سێ هەزار حەوز، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ باشتربوونی نرخی ماسی بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
 
تەقتەق و کۆیە زۆرترین حەوزی ماسییان تێدایە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی حەوزەکانی ناوچەکە زێی بچووکە، هەندێک حەوزی "زۆر کەم"یش هەن پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
 
هاوکار جەعفەر دەڵێت، ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی 'کەی ئێچ ڤی'یەوە ماسییەکی زۆر لە سنووری کۆیە و تەقتەق لەنێوچوون و گوتی، "تەنیا لە گوندێک 20 هەزار ماسی گەورە لەنێوچوون. لە تەواوی سنوورەکە نزیکەی 200 هەزار ماسی لەنێوچوون. ڤایرۆسەکە زیانێکی زۆری بە خاوەنی حەوزەکان گەیاند".
 
زۆرینەی حەوزەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان نییە. بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 412 حەوزی ماسی هەن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە.
 
هەر بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی، بەرهەمی 412 حەوزی مۆڵەتداری ماسی ساڵانە سێ هەزار و 315 تۆنە، لەگەڵ بەرهەمی بێ مۆڵەتەکان و ئەوانەی راو دەکرێن لە دەریاچەکان ساڵانە بەرهەم دەگاتە حەوت هەزار تۆن ماسی.
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 12 هەزار تۆن ماسی هەیە. ئەوەی نێوخۆ پڕی ناکاتەوە لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق، هەروەها ئێران و "بەشێکی زۆر کەمیش لە تورکیاوە بە زیندوویی هاوردە دەکرێت".