پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بە کەرنەڤاڵی گەورە کۆتایی بە بانگەشە دەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە و بەشێک لە حیزبەکانی کوردستان دوایین کەرنەڤاڵیان کردووە، بەڵام پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ لە دوایین رۆژ لە سلێمانی و هەولێر دوایین و گەورەترین کەرنەڤاڵەکانیان دەکەن.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دوێنێ دوایین کەرنەڤاڵی جەماوەریی کرد و بڕیارە ئەمڕۆش یەکگرتووی ئیسلامی بیکات، بەڵام رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە کەرنەڤاڵی جەماوەری ناکەن.
لە 3ـی تشرینی یەکەمەوە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرەکان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، بێدەنگیی هەڵبژاردن لە کاژێر 07:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە، 8ـی 11ـی 2025 دەستپێدەکات و هەر بەربژێر و لایەنێک سەرپێچی بکات و بانگەشە بکات، رێکاری یاسایی لەبەرامبەری دەگرنەبەر.
پارتی: رۆژی هەینی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە هەولێر دوایین کەرنەڤاڵ دەکەین
پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو حیزبی ژمارە یەک لەرووی کورسی و دەنگەوە رۆژی هەینی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی دەکات.
6ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی هەینی، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێر دەکات.''
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: "کاژێر 14:00 لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بانگەشەکە دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکەین زیاتر لە 50 هەزار کەس ئامادە بن."
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی هێمنانە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد، هەردوولایان جەخت لە بانگەشەیەکی هێمن دەکەنەوە .
یەکێتیش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی بڕیارێکی پەسەند کرد بە شێوەیەکی هێمنانە و ئارام بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
یەکێتی: رۆژی هەینی لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانی گوتاری دەبێت
یەکێتی وەکو هێزی دووەم لەرووی دەنگ و کورسییەوە، دوایین بانگەشەی دەباتە سلێمانی، بڕیارە سەرۆکی حیزبەکە گوتارێک لە دوایین بانگەشەی لیستەکەی پێشکێش بکات و لایەنگرانی لە یاریگای سلێمانی کۆدەکاتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی هەینی بە ئامادەبوونی کاک بافڵ تاڵەبانی، دوایین و گەورەترین بانگەشە لە سلێمانی دەکەین، سەرۆکی یەکێتی گوتارێک پێشکێش دەکات."
نەوەی نوێ: بە پەیامێکی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید کۆتایی بە بانگەشە دەهێنین
هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە: 'رۆژی هەینی لە شاری سلێمانی ئاهەنگی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن ساز دەکەن و پەیامێکی نوێی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە بڵاو دەکرێتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە نەوەی نوێی وەرگرتووە، رۆژی هەینی شاسوار عەبدولواحید پەیامێکی نوێی لە رێگەی دەنگەوە لە زیندانەوە لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەبێت، بەڵام دیار نییە رێگەدەدرێت پەیامەکە بڵاوبکرێتەوە یان نا، چونکە سەرەتای ئەو هەفتەیە وەزارەتی رۆشنبیری بە " پشتبەستن بە رێنمایی" رێگەی نەدا قسەکانی سەرۆکی جووڵانەوەکە لە میدیای خۆیانەوە پێشکێش بکرێت .
حیزبە ئیسلامییەکان بانگەشەیان تەواوکرد
رۆژی چوارشەممە محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوایین بانگەشەمان پێنجشەممە دەبێ، یەکگرتووی ئیسلامی بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی دوایین کەرنەڤاڵی جەماوەری دەکات."
هەروەها کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمەڵەکە دوایین کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد،.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رەخنەی لە تووندیی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەندێک لە لایەنەکان گرت بۆ بانگەشەکردن بە بەکارهێنانی وشەی "نەشیاو" و گوتی: "ئەو قسە قێزەونانەی لایەنەکان بەرامبەر یەکدی دەیکەن عەیبەیە و لە دەرەوە بە گاڵتەجاڕی سەیری ئێمە دەکەن."
عەلی باپیر گوتی: "ئەگەر خۆمان چاک نەکەین رەشەبایەک دێت و هەموو شتێک رادەماڵێت."
8 لیست و لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و 8 بەربژێری سەربەخۆ رکابەری لەسەر کورسییەکانی هەر سێ بازنەکە دەکەن، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 دەنگدەرانی کوردستان و عێراق، نوێنەرانیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێرن .