پەیامێک لە پارتییەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت: یەکێتی نایەتە پێش
رووداو دیجیتاڵ
شاندی دانوستانکاری پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تاوەکو ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە".
شاندی پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6-11-2025 راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین دەرەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردەوە.
شاندی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەوپەڕى نەرمیمان نیشاندا و زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، شاندی پارتی دەڵێت، "لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە رێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە رێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێمی کوردستان".
شاندی پارتی دەڵێت، بۆ پێکهێنانی حکومەت "ئەوپەڕى نەرمیمان نیشاندا و زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین"، بەڵام یەکێتی نەهاتووەتە پێش
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 6, 2025
دەقی پەیامەکە: https://t.co/M2LuADjPqp pic.twitter.com/ktoPLhZQtg
دەقی راگەیێندراوەکەی شاندی پارتی:
شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوكردهوه كه تێیدا هاتووه، لە تەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیاریى ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشیەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت.
سەڕەراى دروست کردنى کۆسپ و تەگەرەى زۆر لە بەردەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە ئامانج لێی ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن یان لاوازکردنى پارتى بوو، بەڵام پارتى بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەکى کاراى لە هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوودا کرد کە براوەى یەکەم تیایدا هەرێمى کوردستان بوو، جارێکى تریش پارتى متمانەیەکى بەهێزى گەلى کوردستانى بەدەست هێنا.
دواى پەسندکردنى دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، پارتى لە ڕوانگەى کارى پێکەوەیی و لە پێناو تازەکردنەوەى شەرعیەتى یاسایى بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەى گەلى کوردستان، هەروەکو بەڵێن درا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان لە سەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی کراوەبێت، شاندەکەمان دەستى بە سەردانى سەرجەم لایەنەکان کە کورسیان بەدەستهێناوە کرد.
لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە بەڕێزەکانی دیکە کە کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێک لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش رێزمان لەو بژاردەیە گرت.
لە رێکەوتى 30-11-2024 لە شارى سلێمانى یەکەمین کۆبوونەوە لە نێوان شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەڕێوەچوو، لە میانەى چەندین دانیشتن بڕیار درا کە کاربکرێت لە سەر ئامادەکردنى دیدگایەکى هاوبەشى بۆ قۆناغى داهاتووى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان کە مەبەست لێى پتەوکردنى کارى دامەزراوەیی و هاوبەشى بێت لە ئەرک و دەسەڵاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاونیشتمانیان بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان. لە چوارچێوەى ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێککەوتن کرا لەسەر چەندین تەوەرى گرنگ لە بوارە جیاجیاکانى (سیاسى، یاسایی، کارگێڕى، خزمەتگوزارى، دارایى و ئابوورى و، سەربازى و ئەمنى).
هاونیشتمانیانى خۆشەویست
دواى رێککەوتنى کۆتایی لەسەر دیدگاى هاوبەش لە ئایاری 2025 دەستمان کرد بە گفتوگۆ کردن لەسەر شێوازى بەشدارى هەردوولا لە ئەرک و دەستەڵاتەکانى حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەماى خستنەڕوو کە بریتى بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن و، رەچاوکردنى پێگەى هەردوولا و واقیعى هەرێمى کوردستان.
لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەوپەڕى نەرمیمان نیشاندا و زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى، هەم لە دیدگاى هاوبەش و هەم لە بەشدارى بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێککەوتنى نیشاندا بە شێوەیەک کە:
بەشدارییەکى هاوسەنگ لە سەرۆکایەتیەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بکرێت بە جۆرێک کە (سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و جێگرى سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى حکومەت لاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بن) هەروەها لە کۆى 22 وەزیرى حکومەتى هەرێم کە کابینە پێکدەهێنن، پێشنیارى پارتى وا بووە کە پێکهاتەکان بە دوو وەزیر بەشدارى کابینە بن و (8 بۆ 9) وەزارەت لاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بن کە تیایدا وەزارەتى گرنگى بوارى (سەربازى، ئابوورى و دارایى و، خزمەتگوزارى) تێدایە، هەروەها بەشداریەکى کارا و کاریگەر لە بوارى ئەمنى و پۆستەکانى تریش لە دەستەکان و فەرمانگەکان.
کوردستانیانى ئازیز
لە تەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیاریی ئەم قۆناغە و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمییەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشییەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە رێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تاوەکو ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نییە و پارتى ئەوە بە پەسند نازانێت.
لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە رێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە رێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێم و هاووڵاتیانى کوردستان و دەنگدەرانى پارتى دڵنیا دەکەینەوە لە پێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و هیچ رێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئاییندەیەکى گەش و داهاتوویەکى رووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.
شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان.
6-11-2025