خوێندنی باڵا: خوێندکارانی ناوچەکانی مادەی 140 بگەڕێنەوە بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی داوای لەسەرجەم زانکۆکان کرد، لە 9 تاوەکو 12ـی ئەم مانگە تاقیکردنەوە بۆ قوتابیان دانەنێن. بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت: "هەر خوێندکارێک دەوام نەکات لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناکرێت".
 
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستاندا کە ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە حکومەتی و تایبەتەکان کراوە هاتووە: "بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کاری پێویست بکەن بە دانەنانی هیچ تاقیکردنەوەیەک لە رۆژانی 9 تاوەکو 12ـی ئەم مانگە".
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە زانکۆکان گوتراوە تاقیکردنەوە دانەنێن و ئەگەر داشیانناوە دوایبخەن".
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیران بە ئێمەی راگەیاندووە، بۆ رۆژانی دەنگدان هەموو ئاسانکارییەک بۆ خوێندکاران بکرێت و بڕیارەکە لەو چوارچێوەیەدا دراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە خوێندکارانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بۆ دەنگدان و بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن.
 
لەبارەی دەوام لە رۆژێک پێش تاوەکو رۆژی دوای هەڵبژاردن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی زانکۆکان دەکرێت و لەسەر نەچوونەوە بۆ دەوام بەهۆی هەڵبژاردنەوە لێپێچینەوە لە هیچ کەسێک ناکرێت".
 
بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.