قایمقامی باتیفا: خەڵکی 15 گوند گەڕاونەتەوە؛ هەوڵی چارەسەر بۆ سێ گوندی دیکەش دەدەین

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

خەڵکی چوار گوندی سنووری باتیفا داوای گەڕانەوە دەکەن و دەڵێن، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە هەزاران دۆنم رەز و باخیان لەنێوچووە.
 
لە کاتێکدا بەشێک لە گوندەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاوەدان بوونەتەوە، دانیشتووانی چوار گوندی دەڤەری گولی لە سنووری ناحیەی باتیفا داوای گەڕانەوە دەکەن. ئەو هاونیشتمانیانە کە خەڵکی گوندەکانی "ریشێ، نزورێ، ئیکماڵە و سیلێ"ن، دەڵێن بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەوە، ساڵانێکە رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە، ساڵانێکی زۆرە گوند و رەز و باخەکانمانمان بەجێهێشتووە و هەمووی وشک بوون و لەنێوچوون. زیانەکانمان زۆرە و هەزاران دۆنم زەویمان لەدەستداوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات رێگەیان پێبدات بگەڕێنەوە.
 
فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی ئیدارەی زاخۆ و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو گوندانە."
 
قایمقامی باتیفا ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رەزامەندی لەسەر هاتووچۆی خەڵکی ئەو گوندانەش بدرێت.
 
فەرهاد مەحموود گوتی: "ئەم گوندانە لەگەڵ دەستپێکی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەتەواوی چۆڵکران، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، لە کۆی 18 گوندی چۆڵکراو، خەڵکی 15 گوندیان گەڕاونەتەوە و هاتووچۆیان ئاسایی بووەتەوە."
 
سەبارەت بەو گوندانەی کە هێشتا خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە، قایمقامی باتیفا گوتی: "تەنیا کێشەی ئەو سێ گوندە ماوە کە زۆر نزیکن لە سنووری تورکیا و رێگەی ئۆتۆمبێلیان نییە و ناوچەکەشیان زۆر سەخت و شاخاوییە."