کۆمیسیۆن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە ئەنجامی دەنگدان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە ئەنجامی دەنگدان لە دوای جیاکردنەوە و ژماردنیان لە بنکەو وێستگەکان بڵاودەکاتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو ئەپڵیکەیشنە لە هەموو وێستگەیەکی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت و ئەو بارکۆدەی تێدا دەبێت کە لەسەر شریتى دەنگدانى ئەو وێستگانە هەیە."
زیاتر لە 43 هەزار وێستگە بۆ هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
جومانە غەلای رایگەیاند: دەکرێت ئەنجامی دەنگدان لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە لە سەرجەم وێستگەکان کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بە تەواوی بزانرێت.
ئەو رێکارەی کۆمیسیۆن بۆ ئاسانکارییە بۆ رۆژنامەڤانان و بریکارى لایەنە سیاسییەکان و بەربژێران و رێکخراوەکانى چاودێرییە کە بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئایفۆن ئامادە کراوە و لە رێگەى QR دەتوانن ئەو زانیارییانە وەربگرن.
بە گوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، ئەنجامی بەرایی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێت، لەدوای 24 کاژێر لە کۆتایی هاتنی دەنگدانی گشتی بڵاودەکرێتەوە.