مەسرور بارزانی: پرسی مووچە بە سیاسی کراوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەت دەڵێت، ''هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بەڵام پرسی مووچە بە سیاسی کراوە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەی بەنداوی دوین لە هەولێر دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-11-2025، مەسرور بارزانی. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیکردنی پڕۆژەی بەنداوی دوین لە پارێزگای هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە پرسی مووچە کرد و رایگەیاند، ''بەداخەوە بابەتی مووچە بە سیاسی کراوە. بەڵام لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵ دەبین تاوەکو مووچە دابین بکەین.''
 
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، هەرچی پێویست بووبێت بە زیادیشەوە کردوویەتی، بەڵام بەغدا ناردنی پارەکەی راگرتووە. 
 
لەکاتێکدا شەش رۆژ لە مانگی تشرینی دووەم تێپەڕیوە، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمیان وەرنەگرتووە.
 
 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی پڕۆژەی بەنداوی دوینی کرد و گوتی، ''لە هەموو بوارێکەوە گرنگە. کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژینگە و کەرتی گەشتیاری دەبێ، هەروەها لەڕووی پاراستنی سەرچاوەی ئاوەوە وەک بەنداوێکی مامناوەند سەیری دەکرێت.''
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت و ''ئەمە کاریگەرییەکی زۆری بەتایبەتی لەسەر کەشوهەوای ناوچەکە دەبێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، دەتوانرێت لەڕووی کشتوکاڵەوە سوودی لێ وەربگیرێت.''
 
سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، 'خەڵکی ناوچەکە زۆر سوودمەند دەبن لە پڕۆژەکانی دەوروبەری بەنداوەکە. "ئەمە تەنیا بەنداو نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی گەورەترە کە تەواوکەری یەکدین، چەندین پۆندی دیکەی لەگەڵ دەبێ و ژمارەیەک رێگەوبانیش ناوچەکە پێکەوە دەبەستنەوە.''
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، 'پڕۆژەی بەنداوی دوین دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەڕەرخسێنێ کە ئامانجێکی سەرەکیی ئەوانە لە حکومەتدا.
 
16ـی ئەیلوولی پار بەردی بناخەی پڕۆژەی بەنداوەکە دانراوە کە دەکەوێتە قەزای پیرمام و نزیک قەڵای دێرینی دوین و گوژمەی پرۆژەکە 88 ملیار دینارە.