مەسرور بارزانی: شتێک نییە بە ناوی مووچە، دەبێت بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بۆ بودجەی ساڵی 2026 بەهیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین بەم جۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکەوینە گفتوگۆ.
مەسرور بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک گەنج گفتوگۆی کرد و وەڵامی پرسیاری ئەو گەنجانەی دایەوە.
"لە 2013ـەوە حکومەتی عێراق رێگەی بە دامەزراندن نەداوە"
لەبارەی کارکردن و هەلی کارەوە، مەسرور بارزانی گوتی: "دوو جۆر کار هەن، یەکەم کارکردنە لە کەرتی تایبەت و ئەوی دیکەیان لە کەرتی گشتی. لە ساڵی 2013ەوە تاوەکو حکومەتی عێراق رێگەی بە هیچ دامەزراندنێک نەداوە، ئەوەی کراوە هەمووی گرێبەست بووە. ئەمە رێگرییەکی گەورە بووە لەوەی کە خەڵکی نوێ لە کەرتی گشتی دابمەزرێن."
بە گوتەی مەسرور بارزانی، دەکرێ کەرتی تایبەت زۆر ئەو دەرفاتەنە فەراهەم بکات کە گەنجان بەدوایدا دەگەڕێن، "لەم چەند ساڵەی رابردوودا 140 هەزار هەلیکار رەخسێنراوە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەی دیکەمان هەیە، وەکو پرۆژەی گەشانەوە، بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێ بزنسی خۆیان هەبێ یاخود گەورەی بکەن، ئەم پرۆژەیەش بەردەوامە بۆ ئەو گەنجانە و حکومەت دەتوانێت یارمەتییان بدات."
"هەژماری من تەنیا بۆ مووچە نییە"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کەرتی ئابووری و سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "پێش هەموو شتێک دەبێ ژێرخانێکی دروستی ئابووریمان هەبێ کە بەداخەوە نەبووە، وەکو ئەوەی هەر هاووڵاتییەک بیەوێ بچێ لە حسابی بانکیی خۆی پارە بە قەرز وەربگرێت بۆ بزن و کاری خۆی پێ دابین بکات، بەداخەوە ئەم سیستمە نەبووە، یەکێک لە گرنگترین کارەکان دروستکردنی حسابی بانکییە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرێت، بۆ ئەمە ئێمە بیرمان لە هەژماری من کردەوە، زۆر کەس بە هەڵە لەمە تێگەیێندران، وا تێگەیێندران ئەمە تەنیا بۆ مووچەیە، بەڵێ راستە ئێمە بە مووچە دەستمان پێکرد، بەڵام ئەگەر ژێرخانەکە دروست بوو، هاووڵاتی دەتوانێت سوودمەندبێت و هەلی کاریشی دەستبکەوێت."
"بەرهەمی نێوخۆ بۆ کەنداو، ئەورووپا و ئەمریکاش دەنێرین"
مەسرور بارزانی دەڵێت: "یەکێکی لە کارەکانمان، پەرەپێدان بوو بە کەرتی کشتوکاڵ، کە زۆرجار دەمانبینی جووتیارەکانمان لەبەر بێبازاڕی بەرهەمەکانیان لەسەر جادە فڕێ دەدا، چونکە کەس لێی نەدەكڕین، بە بەرنامەکەی ئێمە؛ حکومەت سایلۆی گەورەی دروستکرد و دەرگای گەورەی هەناردەکردنیشمان کردەوە کە لە زۆر وڵاتانی کەنداو، ئەورووپا و تەنانەت بەرهەمەکانمان بۆ ئەمریکاش دەنێردرێن، ئەمەش وایکرد خەڵکێکی زۆر روو لە کشتوکاڵ بکەن و دەرفەتی زۆری کار بڕەخسێت."
"دەکرێ چاومان لەوەبێ کە گەشتیاری وا بێنە کوردستان پارەی زۆر خەرج بکەن"
مەسرور بارزانی، بەشێکی قسەکانی تەرخان کرد بۆ کەرتی گەشتوگوزار و لەوبارەوە گوتی: "لە کەرتی گەشتوگوزار، کە بێگومان ئەمە هەلی کاری زۆر دەڕەخسێنێت، خەڵکێکی زۆر سەردانی کوردستان دەکەن و هەموویان پێویستییان بە خزمەتگوزارییە، ئیدی شوێنی نیشتەجێبوونە، هۆتێلە، مۆتێلە، رێستورانتە، کافێتریایە یانیش هەر ئامرازێکی خزمەتکردنی گەشتیارانە."
"دەکرێ ئێمە چاومان لەوەبێ کە گەشتیاری وا بێتە کوردستان بتوانێت پارەی زیاتر سەرف بکات، چونکە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی ئابووریی کوردستان. زۆر بە وردی کارمان کردووە کە گرنگیی زۆر لەم رووەوە بە هەموو ناوچەکانی کوردستان بدەین. ئەمانە هەموویان رەخساندنی هەلی کارە."
"داوامان لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کردووە بەشێکیان بێننە کوردستان"
لەبارەی پلانیشیان بۆ کابینەی داهاتوو، مەسرور بارزانی گوتی: "بەشەکەی دیکە پێم باشە لە کابینەی داهاتوو گرنگیی پێبدەین، کەرتی پیشەسازییە، ئەوانەی لە زانکۆکان دەردەچن و توانای کارکردنیان هەیە، گرنگی بەم کەرتە بدەن، هەروەها کۆمپانیای تەکنەلۆژیا و زانستی بهێنینە کوردستان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "توانیمان داوا لە هەموو کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کردووە، ئەگەر لەگەڵیان بگەینە رێککەوتن، بەشێک لە کۆمپانیاکانیان دێننە کوردستان هەم شارەزایی دێنن و هەم دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنن."
" لە حکومەتێکی فیدراڵیدا شتێک نییە بەناوی مووچە"
مەسرور بارزانی باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای کرد و رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عێراق گرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەم مامەڵەیەی ئێستای حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەڵەیە، چونکە لە حکومەتێکی فیدراڵیدا شتێک نییە بەناوی مووچە، دەبێ بودجەی هەرێم تەرخان بکرێت نەک مووچە، بودجەی حکومەتی عێراق هەرچەند بێت؛ دەبێ 14٪ی بۆ هەرێمی کوردستان بێ، حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش بەرپرسن لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بودجەی کوردستان."
بە گوتەی مەسرور بارزانی، ئێستا وایان [بەغدا] لێکردووە، وەزارەتی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی دەست لە ورد و درشتی کارەکانی هەرێمی کوردستان وەربدات، لەلایەک رێ لە تەعینات دەگرن، لەلایەکی دیکە بودجە وەکو خۆی نانێرن، لەلایەک ئەو بەشە مووچەیەی دەینێرن نوقسانە، ئێستا ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، نەوتمان دەبەن و داهاتی نێوخۆمان دەبەن و جارێکی دیکە بۆمان دەگەڕێننەوە، ئەمە هیچ منەتێکی تێدا نییە و ناکاتە ئەوەی بڵێی حکومەتی فیدراڵی بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەهیچ شێوەیەک بودجەیان نەناردووە، ئەو پارەیەی لێرە دەیبەن بەناوی مووچە بە نیوەچڵی دەیگەڕێننەوە."
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "کاتی خۆی کە هەناردەی نەوتیان راگرت، بەشێکی گەورەی داهاتی هەرێم وەستا، کە ئەمە وەستا و حکومەتی عێراقیش مووچە نەنارد، جووڵەی بازرگانی کەمبووە و بازاڕ نەما، ئەمانە هەر هەمووی بوونە گوشار بۆ سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بکەوێتە ژێر گوشارێکی گەورەی ئابووری."
"لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ویستیان بڵێن حکومەتی هەرێم مووچە نادات"
مەسرور بارزانی، رەخنەی لە ئەدای ئۆپۆزیسیۆن گرت لە پرسی مووچەدا و گوتی: "هەرچەندە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ویستیان بە جۆرێکی دیکە وێنای ئەم راستییە بکەن و بڵێن حکومەتی هەرێم مووچە نادات، کە ئەمە راست نییە. کاتی خۆی مووچەش دەدرا بەڵام لایەنە سیاسییەکانی ناو خودی هەرێمی کوردستان بوون داوایان لە بەغدا کرد کە راستەوخۆ مووچە بنێرێت و دەست وەربداتە ناو باری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان."
"ئەمە رێی خۆش کرد، بەناوی دادگە، لایەنی سیاسی و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، دەست وەربدەنە ناو کاروباری هەرێمی کوردستان و بودجە و مووچە وەکو خۆی نەنێرن."
"بودجە دابین بکرێت کێشەمان نامێنێت"
مەسرور بارزانی دەڵێت: "یاسای بودجە لە کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت، بۆ بودجەی ساڵی 2026، بەهیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین بەم شێوازە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکەوینە گفتوگۆوە. پێش ماوەیەک لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەم کرد و پێم گوت، ئێمە حکومەتێکی فیدراڵین و سیستمێکی فیدراڵی هەیە، حکومەتی هەرێم بەرپرسە بەرامبەر چۆنێتی دابەشکردنی بودجە، ئەگەر باشبێ یان خراپ، پەرلەمان و چاودێریی داراییمان هەیە، با ئەوان محاسبەی حکومەت بکەن، بەڵام تۆ لە بەغدا ئەم مافەت نییە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەمجارە جەخت لەسەر دابینکردنی بودجە دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەمە بوو، دەتوانم بڵێم دەتوانین شتەکان وەکو پێویست بەڕێوە ببەین و کێشەشمان نابێ، بەڵام دەبێ بەغداش مولتەزیم بێت."
"خەونێک بوو بە راستی"
پرۆژی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری)، بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، "خەونێک بووە کە زۆر کەس پێیوابووە نابێتە راستی، ئێستاش حکومەتی عێراق دوا سەرفکردنی 200 ملیار دۆلار نەیتوانیوە کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکات، ئێمە نەهاتووین موعجیزەمان خوڵقاندبێ، تەنیا ریفۆرمێکمان کردووە، لە ساڵی 2023 ئەم بڕیارەمان دا، پار دەستمان پێکرد و ئینشائەڵڵا لە 2026 هەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری."
بە گوتەی مەسرور بارزانی: "بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی لە کارەبا سەرف دەکرا، بۆ حکومەت نەدەگەڕایەوە، حکومەت هەموو ساڵێک 2.5 ملیار دیناری لە کارەبا سەرف دەکرد و 24 کاتژمێریش نەبوو، تەنیا 500-700 ملیۆن بۆ حکومەت دەگەڕایەوە، کەواتە 2 ملیار دۆلار لە حکومەت دەڕۆیشت کە هی خەڵکە."