دانیشتووانی هەولێر بۆ '30 ساڵی داهاتوو لە کێشەی بێئاوی رزگاریان دەبێت'
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژێکی پڕ چالاکی بوو، سێ پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری هەولێر بەسەرکردەوە. یەکێک لەوانە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوە کە بۆ 30 ساڵی داهاتوو هەولێر لە کێشەی بێئاوی رزگار دەکات.
ئەو پڕۆژانە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان جێبەجێ دەکرێن.
رزگاربوونی هەولێر لە کێشەی بێئاوی
لە سەردانەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قۆناخی کۆتایی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی کردەوە، کە "پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو.
لە دوای رێوڕەسمی کردنەوەکە مەسرور بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "لە کاتێکی پێوانەیی توانرا لە ماوەی ساڵێک ئەم پڕۆژە گەورەیە دروست بکرێت، کە بەپێی هەموو پێوەرەکان و کەسانی شارەزا، کاری سێ ساڵ و زیاتریشە. جێی دەستخۆشییە کە بە هێز و توانای ناوخۆیی کراوە، کۆمپانیایەکی نێوخۆی توانی ئەم پڕۆژە گەورەیە بکات، ئەمە جێی دڵخۆشی و شانازییە."
پڕۆژەی بەنداوی دوین
سەرۆکوەزیران بارزانی سەردانی پڕۆژەی بەنداوی دوینی کرد، کە 40 کیلۆمەتر لە باکووری هەولێر دوورە و یەکەم گەورەترین بەنداوی سنوری پارێزگای هەولێر دەبێت.
بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت و رۆڵێکی بەرچاوی لە دابینکردنی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی دەبێت.
عەبدوڵڵا گەردی، خاوەنی کۆمپانیای سێنک بە رووداوی رایگەیاند: "بەنداوی دوین 92 بۆ 100 ملیۆن مەترسێجا ئاو کۆدەکاتەوە. جگەرە لەوەش، لەسەر رووباری شێخ مەموودیان تاوەکو شێخ توراب زنجیرە بەنداوێکی بچووک دروست دەکرێن بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری."
نۆژەنکردنەوەی قەڵای دوین
یەکێکی دیکە لە وێستگەکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای دوین بوو، کە زیاتر لە 70٪ی کارەکانی تەواو بووە.
هاوکات لەگەڵ نۆژەنکردنەوەکە، تیمی شوێنەوارناسان کاری هەڵکۆڵینیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی پاشماوە مێژووییەکان. بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، قەڵاکە بکرێتە مۆزەخانە و شوێنێکی گەشتیاری گرنگ.
نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر گوتی: "دەیکەینە مۆزەخانە، بەشێکی ئەو کەلوپەلەی کە دۆزراوەتەوە، لێرە پێشان دەدەین، لە هەموو بوارێکدا، نەوەک تەنیا ئایینی، لەڕووی گەشتیاری و مێژووییەوە ئەم قەڵایە گرنگە. جێگەی دەستخۆشییە کە لە کابینەی نۆیەم بودجەیەکی تایبەت بۆ شوێنەوار دانراوە، تاوەکو پاراستنی شوێنەواری پێبکەن."
ماستەر پلانی گشتی بۆ دەڤەری دوین
ماستەر پلانی گشتی بۆ دوین پێکدێت لە 10 بەنداوی گەورە و مامناوەند، رێگایەکی جووتساید بە درێژی 70 کیلۆمەتر و چەندین تاڤگە و شوێنی گەشتیاری دیکە.
بڕیارە ئەم پڕۆژە فراوانە بە 6 قۆناخ و لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا کارەکانی بە کۆتا بگات، بەمەش دەڤەری دوین دەبێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان.