عوسمان بایدەمیر لە قامشلۆ سەردانی ئەنەکەسەی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

سیاسەتڤانی باکوری کوردستان لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان سەردانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)ی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پابەندبوون بە ئەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و هەڵوێستی کورد کردەوە.
 
سیاسەتڤانی کورد عوسمان بایدەمیر ئەمڕۆ 6ـی تشرینی دووەمی 2025، لە قامشلۆ سەردانی بارەگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)ی کرد و لەلایەن هەریەک لە بەرپرسانی ئەنەکەسە، سلێمان ئۆسۆ، فەسڵا یوسف، فەیسەڵ یوسف و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
 
ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەبارەی سەردانەکەی عوسمان بایدەمیر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی کوردان لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان هەڵسەنگێندرا و جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد و رووبەڕووبوونەوەی کێشەکان کرایەوە.
 
هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پابەندبوون بە ئەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و هەڵوێستی کورد کردەوە، کە ئامانج لێی یەکخستنی هەڵوێستی کورد و نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان بوو لەنێوان هێزە سیاسییە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستاندا. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگەکانی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنە جیاوازەکانی کورد و کارکردن بۆ نەهێشتنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هاوبەشە کرا.
 
عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی کورد رۆژێک بەر لە سەردانیکردنی ئەنەکەسە، 5ـی 11ـی 2025 سەردانی بارەگەی سەرەکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کرد و لەگەڵ پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پەیەدە و بەرپرسانی پارتەکەدا کۆبووەوە.