قاچاخچییەکان بوونەتە کرمی داری دارستانەکانی زاگرۆس
رووداو دیجیتاڵ
دارستانەکانی زاگرۆس بە چڕوپڕی بەناوبانگ بوون، بەڵام ئێستا بە دەستی قاچاخچییەکانی دار، تەنک کراون. رۆژانە چەندین بارهەڵگری دار بە بەرچاوی خەڵک و حکومەت داری دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازنەوە بۆ کارخانەکانی کاخەزی ئێران.
سالار ئازەری ژینگەپارێزە و دەڵێت "داربەڕووەکانیش دەبڕنەوە.. تەنانەت رەحم بە دار بیی دەم چەمەکانیش ناکەن و دەیانبڕنەوە".
لەتیف مەلا حەسەن هاونیشتمانییە و باس لەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی کارگەکان ئەو دارانە وەردەگرن، هەموو رۆژ قاچاخچییەکان دەچن دارەکان دەبڕنەوە.
لە ساڵی 2015وە حکومەتی ئێران بڕینەوەی داری دارستانەکانی باکووری ئەو وڵاتەی قەدەخە کردووە. لەوکاتەوە، کارخانەکانی کاخەزی ئێران، داری دارستانەکانی زاگرۆس دەکڕنەوە. بەتایبەت ئەمساڵ، داربڕینەوە زۆر زیادیکردووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خەڵک بێ داهاتن و لەنێوان قازانجی خۆیان و لەنێوبردنی دارستانەکان، بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرن.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن و 970 هەزار هێکتار دارستان هەیە. یەک ملیۆن و 200 هەزار هێکتاری لە پارێزگای لۆڕستانە. لە ئیلام 642 هەزار، لە کرماشان 527 هەزار، لە سنە 500 هەزار و لە ورمێش 101 هەزار هێکتار، دارستانە. هیچ ئامارێکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە کە لەم پێنج ساڵەدا، چەند هێکتار دارستان بڕاونەتەوە، بەڵام ژینگەپارێزان مەزەندە دەکەن رێژەکە بە سەدان هێکتار بێت. خەڵکی خۆجێییش هاوکاریی قاچاخچییەکانی دار دەکەن، بەشێکیان لە بەرامبەر پارە و بەشێکیشیان بۆ زیادکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
لە ساڵی 1970وە لە ئێران کاخەز بەرهەمدەهێندرێت. گەورەترین کارخانەکانی لە پارێزگاکانی زەنجان، مازەندەران، فارس و قەزوێنن. دامودەزگا حکومییەکان خاوەنی سەرەکیی پشکەکانی زۆربەی ئەو کارخانانەن و دەسەڵات و توانای خۆیان بەکاردەهێنن تاوەکو پێش بە گواستنەوەی دارەکان نەگیرێت. ئەو کارخانانە ساڵانە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن کاخەز بەرهەمدەهێنن. بۆ هەر تۆنێک کاخەز، دەبێت 17 دار ببڕدرێنەوە. بەو پێیە، ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 25 ملیۆن دار دەبڕدرێنەوە.